نوچە
تەرمی خۆپیشاندەرێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر دەستگیرکردنیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، لە بەنداوێکدا بە دەست و قاچ شکاوی و شوێن فیشەکی پێوەبووە، دۆزرایەوە.
رۆژی ١٧-١١-٢٠١٩، گەنجێکی کوردی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی ئیرشاد رەحمانیان، کە دەرچووی بەشی فریاکەوتنی پزیشکی، کاتێک دایکی بۆ چارەسەر بردووەتە نەخۆشخانەی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە و دواتر چارەنووسی نەزاندراوە.
ئەمڕۆ (سێشەممە ١٧-١٢-٢٠١٩)، ”هەنگاو” کە هەواڵی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکاتەوە، ئاشکرای کرد، دوو رۆژ لەمەوبەر و لە ١٥-١٢-٢٠١٩، تەرمی ئیرشاد رەحمانیان لە بەنداوی گاڕان لە سنووری شاری مەریوان دۆزراوەتەوە.
هاوکات باس لەوە کراوە کە بە تەرمەکەدا دیارە ئەو گەنجە کوردە پێش کوژرانی، دەست و قاچی شکێندراوە و فیشەک بەر سەری کەوتووە.