نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ماددەی ٨ی پڕۆژەیاسای چاکسازی، لە بەشی چوارەمی پڕۆژەیاساکە ئەوەی دوو موچەی هەبێت مووچەیەکیان دەبڕدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦-١٢-٢٠٢٠، پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازیی كرد بە دەنگی ٨٨ پەرلەمانتار سیفەتی بەپەلەی پێدرا بۆ ئەوەی پێش هاتنی پشووی پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام پڕۆژەكە لەلایەن چەند فراكسیۆنێكەوە ڕەخنەی لێگیرا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مستەفا هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی، ڕایگەیاند: دوای ئەوەی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرد، پڕۆژەیاساکە ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی کراوە، هەرلایەنێکیش، کە تێبینی و سەرنجی لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی هەبێت، دەتوانێت ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکانی بکات بۆ ئەوەی بۆی زیاد بکرێت، بەڵام ناکرێت لەدەرەوە موزایەدەی سیاسیی بە پڕۆژەیەکی وەها گرنگەوە بکەیت بۆ خاتری ئەوەی لە ئایندەدا هەندێک دەنگ بەدەستبهێنیت.
پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختیشیکردەوە، پەرلەمانی کوردستان کار لەسەر ئەوەدەکات لە پڕۆژەیاسای چاکسازی کەمترین مووچەی خانەنشینی دیاری بکات. گوتیشی “خاڵێکی دیکەی پڕۆژەیاسای چاکسازی باس لە نەهێشتنی سوودمەندبوون لە جارێک زیاتر لە بوودجەی گشتی دەکات، بەپێی پڕۆژەیاساکە واتە هەرکەسێک، کە دوو مووچەی هەبێت، دەبێت مووچەیەکیان ببڕدرێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، دەشڵێت “ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی بە دروستی لەگەڵ ئەوەداین، کە پڕۆژەیاسای چاکسازی تێپەڕێندرێت، بە هەموو هەوڵی خوشمان بۆى دەدەین، چونکە ئەمە پڕۆژەیەکی هەستیار و گرنگە و لە بەرژەوەندی خەڵک و حکوومەت دایە، پێویستە هەموو فراکسیۆنەکان بە دەستەڵات و ئۆپۆزۆسیۆنەوە هەوڵبدەن پڕۆژەیەکی باشبێت بۆ بەرژەوەندی گشتی”.