نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ویستێک هەیە بۆ ئەوەی عێراق ببەنە قۆناغێکی ترەوە، تاکو لە تائیفەگەری و مەزهەبی دەری بهێنن.
زیاتر لە مانگ و نێوێک بەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق تێپەڕیوە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران وازهێنانی گەندەڵکارانی عێراقە لە دەسەڵات و کاندیدکردنی کەسێکی بێلایەنە بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو ناوانەی، کە پێشنیارکراون بۆ سەرۆک وەزیران، خۆپیشاندەرانی عێراق هەر لەسەرەتاوە ڕەتیان کردوونەتەوە، دیارترینیشیان محەمەد شیاع سودانی یە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەیادە محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە داهاتووی عێراق، ڕایگەیاند “لە ئێستادا ویستێک هەیە بۆئەوەی عێراق ببەنە قۆناغێکی ترەوە، تاکو لە تائیفەگەری و مەزهەبگرایی دەری بهێنن، واتە کەسێک بێت تەنها خزمەتی عێراق و هاوڵاتیان و شەقامی عێراقی بکات، هەروەها خزمەتی وڵاتانی ئیقلیمی نەکات و هیچ وەلائێکی بۆ وڵاتی دەرەوە نەبێت”.
ناوبراو ئاماژە بەوەشدەکات، کە حزبەکان پێیان باشە کاندیدی سەرۆک وەزیران کەسێکی حزبی بێت، هاووڵاتیانی شەقامیش داوادەکەن ئەو کەسەی کاندید دەکرێت بۆ سەرۆک وەزیران، هیچ پۆستێکی لە حزب و حکوومەتدا نەبێت، تا ئێستا ئەم بابەتە بەمشێوەیە ماوەتەوە، تا دەگەنە ڕێککەوتن لەسەر ناوێک.
سەبارەت بەوەی بۆچی حزبەکان ڕازی نابن بەکاندید کردنی کەسێكی بێلایەن مەیادە محەمەد گوتی “ئەو ناوانەی باس دەکرێن، تا ئێستا هەر ناوە و هیچ شتێک بە فەرمی نییە، بەڵام هەرکەس و حزبێک دەیەوێت بۆ پشکی خۆی و حزبەکەی ڕابکێشێت، بۆیە ناگەنە ڕێککەوتن لەسەر ناوێک”.