نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكوومەت لە ئایندەیەکی نزیکدا قەرزەکانی لە کۆمپانیاکان وەردەگرێتەوە و پێداچوونەوەی جددی لەسەر کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێش قەیرانی دارایی و هاتنی داعش، پارەیەکی زۆری وەک قەرز دایە کۆمپانیاکان و سەرمایەدارەکان، بۆ ئەوەی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، بەپێی زانیارییەکان بڕی ئەو پارەیەی، کە لەلای کۆمپانیاکانە، نزیکەی ٧٤٠ ملیار دینارە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەروان هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە قەرزەکانی حکوومەتی هەرێم لای کۆمپانیاکان، ڕایگەیاند “بڕێکی زۆر پارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک قەرز لەلای کۆمپانیاکان و سەرمایەدارەکانە، بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی ڕاگرتبوو، ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە حکوومەتی هەرێم ئەو قەرزانە وەربگرێتەوە”.
هەرکی گوتیشی “تا ئێستا حکوومەت هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان دەرنەکردووە، بەڵام پێداچوونەوەی جددی لەسەر ئەم بابەتە کردووە و لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی حکوومەت کار لەسەر ئەوەش دەکات”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت “وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکوومەت لە کۆمپانیاکان، هەنگاوێکی زۆر باشە، دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و حکوومەت دەتوانێت بەشێک لە قەرزەکانی خۆی پێبداتەوە”.