نوچە
بەندکراوێکی سیاسی کوردی خەڵکی کامیاران لە زیندانی “مەسجد سلێمان”، لە هەمبەر بەڕێنەکردنی بۆ نەخۆشخانە و پێشگیری لە دەرمان، مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی زانیاریی هەردوو سەرچاوەی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کوردپا و هەنگاو) “چەنگیز قەدەم خێر” بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی کامیاران، لە زیندانی “مەسجد سلێمان”ـی سەر بە پارێزگای خووزستان لە ڕێکەوتی ١٢-١٢-٢٠١٩-ەوە دەستی داوەتە مانگرتن.
ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، بەهۆی بێبەریکردنی لە چارەسەریی پزیشکی و ڕەوانەنەکردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی سەرچاوەکان، بەرپرسانی گرتووخانەی مەسجد سلێمان و ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەکان، پیش بە گواستنەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گرتووە.
“مەسجد سلێمان” لە مەودای ٤٧٠ کیلۆمەتری شوێنی لەدایکبوونی ئەو زیندانیەیە.
“چەنگیز قەدەم خێر”، تووشی نەخۆشیی گورچیلە بووە و بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیرە. پێشتریش ئەو بەندکراوە سیاسییە بەهۆی دەستێوەردانەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، لە بەڕێنەکردنی بۆ مۆڵەتی تەندروستی، دەستی دابووە مانگرتن.
“چەنگیز قەدەم خێر” خەڵكی كامیارانە و بەهاری ٢٠١١ لە دەورووبەری شاری سنە، لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر كراوە و پاشان لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و ئەندامێتی لە حیزبێكی كوردی” بە ٤٠ ساڵ زیندان مەحكوم و سزا بەسەردا سەپێندراوە.
