نوچە: مورادی
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داوای پەرلەمان بۆ دەستنیشانکردنی کاندید لە ٤ی مانگ گەیشتە دەست سەرۆک ۆمار، بۆیە تاکو ١٩ی ئەم مانگە کاتی بەدەستەوەیە. یاساش دەڵێت، لەماوەی ١٥ ڕۆژ سەرۆک ۆمار جێگەی بگرێتەوە، نەک دوای ١٥ ڕۆژ جێگەی دەگرێتەوە.
دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە سەر داوای مەرجەعی شیعەى عێراق دەستی لەکارکێشایەوە، کێشەکانی عێراق بەتایبەت نێوماڵی شیعەی فراوانتر کرد بەوەی ئاسان نابێت لەو بارودۆخەدا لەسەر جێگرەوەی بگەن بەڕێککەوتن و ئەگەری شەڕی ناوخۆیی لە ئارادایە.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. بەهار مەحموود، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی جێگرەی عادل عەبدولمەهدی ڕایگەیاند: بە گوێرەی یاسا دەبێت سەرۆک کۆمار لەماوەی ١٥ ڕۆژ کەسێک ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و ئەو کەسەش ٣٠ ڕۆژی لەبەردەمدا دەبێت بۆ ڕاگەیاندنی کابینەکەی، بەو پێیە لە ٢ی ئەم مانگەوە (٢-١٢-٢٠١٩)، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە داوا لە سەرۆک کۆمار کرا کەسێکی نوێ ڕابسپێرێت؛ لە ٤ی مانگ داواکاریەکە گەیشتە دەست سەرۆک کۆمار، بۆیە تاکو ١٩ی ئەم مانگە کاتی بەدەستەوەیە.
بەهار مەحموود دەشڵێت، ئەگەر سەرۆککۆمار نەتوانێک کەسێک رابسپێرێت، ئەوا وڵات دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە، بۆیە گرینگە لەکاتی خۆیدا یەکلابکرێتەوە، لەوەش گرینگتر ئەوەیە ئەو کەسەی دەستنیشان دەکرێت، شیاو بێت لەگەڵ ئەوەش تاڕادەیەک رەزامەندی شەقامی لەسەر بێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، لەرووی یاسایی و دەستوورییەوە، دەبوایە هەر ئەو ڕۆژەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدلمەهدی، سەرۆک وەزیران، لە پەرلەمان پەسەند کرا، ئەو پۆستە بە بەتاڵ ئەژمار دەکرێت و یاساش دەڵێت، لەماوەی ١٥ ڕۆژ سەرۆک کۆمار جێگەی بگرێتەوە، نەک دوای ١٥ ڕۆژ جێگەی دەگرێتەوە.