نەوزاد عەلی-سلێمانی
پەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە پڕۆژەیاسای چاکسازی هەنگاوی یەکەمی چاکسازییە، هەر کەموکورتییەک لە پڕۆژەیاساکەدا هەبێت، چاک دەکرێت.
دوای ئەوەی ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان، پڕۆژەیاسای چاکسازی پهسند كرد و ڕۆژی (پێنجشەممە ١٢-١٢-٢٠١٩) پڕۆژەیاساکەی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی رایگەیاند “بەشێوەیەکی گشتی پڕۆژەیاساکە باشە و هەنگاوی یەکەمی چاکسازییە، کە خۆی دەبینێتەوە لە چاکسازی کردن لە (موچە، خانەنشینی و دەرماڵەکان)، بەڵام هەندێک، کەموکورتی تێدایە، کە پێویستە ئەو کەموکورتیانە لە پەرلەمانی کوردستانەوە چاک بکرێن”.
سەرچنار ئەحمەد گوتیشی “بەشێکی ئەو خاڵانەی لە پڕۆژەیاساکەدا هاتوون، باس لەوەدەکەن هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەوانەی، کە بەدەر لەیاسا و ڕێنماییەکان دەرکراون؛ بۆیە ئەمانە حکومەت خۆی دەری کردوون و ئەتوانم بڵێم پێویستیان بە پەرلەمانی کوردستان نییە و حکومەت خۆی دەتوانێت ئەنجامی بدات”.
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو ئاماژە بەوەدەکات، گەڕانەوەی ١٠٠ ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم، لە ڕێگەی پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ خۆی شتێکی زۆر باشە.
سەبارەت بە موچەی خانەنشینی سەرچنار ئەحمەد گوتی “یەکێک لەو کەموکورتیانەی لە پڕۆژەیاساکەدا هەیە، دیاری نەکردنی کەمترین موچەی خانەنشینییە؛ ئێمە پێشتریش داوامانکردبوو کەمترین موچەی خانەنشینی ٤٠٠ هەزار دینار بێت. بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازی بکات، دەتوانرێت هەموو ئەو کەموکورتیانەی، کە لە پڕۆژەیاساکەدا هەن چاکیان بکات”.