نوچە
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە وەڵامی سپاندنی سزا بەسەر وڵاتەکەی ڕایدەگەیەنێت، ئەمەریکا بێ رێزیی بەرامبەر بە وڵاتەکەی دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەڵامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکای داوەتەوە و ڕایگەیاندووە واشنتن بێ ڕێزیی بە سەروەری ئاسایش و نەتەوەیی تورکیا دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەریکا بەنیازی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بووە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام تورکیا گورزێکی کوشندەی لە پڕۆژەکەی ئەمریکا داوە و نەیهێشتووە سەر بگرێت.
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا پڕۆژەیەکی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس -٤٠٠ و ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژئاوای کوردستان پەسەند کرد و پڕۆژەکەی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پیران بەرزکردەوە.
بڕیارە ئەم سزایەی ئەنجوومەنی پیران دواتر رەوانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکرێت؛ ئەگەر واژۆی بکات، سزاکان دەکەونە واری جێبەجێکردنەوە.