نوچە
دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە له كۆبوونهوهى ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای چاکسازی پهسند كرا، ئهمڕۆ (پێنجشەممە ١٢-١٢-٢٠١٩) ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژەیاساکە لەلایەن وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان گەیشتە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بڕیارە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بانگهێشتی ئهندامانى پهرلهمان بكات بۆ دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی خوێندنهوهى یهكهم بۆ پڕۆژهیاساكه.
ئەوە لەکاتێکدایە، کە دوێنی چوارشەممە ١١-١٢-٢٠١٩ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران کۆبووە و پڕۆژەیاسای چاکسازیی پەسەند کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشین، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان-عێراق کرا، کە بەشێکە لە بەرنامەی گشتگیریی چاکسازیی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەدابوو، چاکسازیی پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. گوتیشی “لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بەڵێنمان دابوو ئەم پڕۆژە یاسایە بنێرین بۆ پەرلەمان. ئەمەش پرۆژەی هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکوومەتە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و دادپەرەوەرییە و بە دڵنیاییشەوە خەڵکی شایستە، مافەکانیان پارێزراو دەبێت”.