نوچە: ئاژانسەکان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چالاکوانێک، کە لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا بەشدار بووە تەقەی لێکرا و کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی رایگەیاند، عەلی لامی، چالاکوانی مەدەنی لەکاتی گەڕانەوەی لە خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا لە ناوچەی شەعب بە چەکی بێ دەنگ تەقەی لێکراوە و بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەکە روونیکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە ١١-١٢-٢٠١٩)، روویداوە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، تەرمی عەلی لامی-یان بۆ دادپزیشکی گواستووەتەوە.
رۆژی سێشەممە ١٠-١٢-٢٠١٩ هەزاران خۆپیشاندەری پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق چوونە گۆڕەپانی تەحریری بەغدای پایتەخت و بەشداریی خۆپیشاندانیان کرد. حکومەت لە چەند پارێزگایەکدا قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند. هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە شەقام و کۆڵانەکانی پایتەختدا بڵاوەیان پێکرابوو و رێوشوێنی ئەمنیی تووندیان گرتبووەبەر.