نەوزاد عەلی-سلێمانی
قیمقامی قەزای پێنجوێن ڕایدەگەیەنێت، بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی كەمی كارەبا و سووتەمەنی بەخەڵکی پێنجوێن دراوە و خۆپیشاندانی كۆتاییهاتووە.
ڕۆژی دووشەممە ٩-١٢-٢٠١٩، لە پێنجوێن خۆپیشاندان بەهۆی کەمی کارەبا و دابەشنەکردنی سووتەمەنی (نەوتی سپی) دەستیپێکرد و تاوەکو درەنگانی شەوی ڕابردوو بەردەوام بوو، دواتر قایمقامی قەزای پێنجوێن لەگەڵ خۆپیشاندەران ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی خۆپیشاندانەکە کۆتایی پێبهێنرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن، ڕایگەیاند “خۆپیشاندەران دوو داواکارییان هەیە ئەو داواکارییانەش داواکاری سەرجەم چین و توێژەکانی سنوورەکەن، ئەو داواکارییانەی داواکاری زۆر بەپەلەبوون، بریتی بوون لە کێشەی کەمی کارەبا و دابین نەکردنی سوتەمەنی”.
قایمقامی قەزای پێنجوێن، گوتیشی “ئێمە لەگەڵ سەرووی خۆمان قسەمان کردووە، لەگەڵ نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکوومەت و پارێزگاری سلێمانی، بەپێی ئەو بەڵێنانەی، کە ئێمە خۆمان قسەمان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کردووە، قسەمان کرد، چونکە ئێمە پێشتر بۆ خۆمان سەرجەم ئەم داواکارییانەمان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان داواشمان کردبوو، کە بۆمان جێبەجێبکرێت”.
زانا ڕەحمان دەڵێت “دۆخی کارەبا لە سنوورەکە باش دەبێت و هەوڵدەدەین لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا کێشەی کارەبا چارەسەر بکەین، هەروەها لە ڕۆژی چوارشەممەوە (١١-١٢-٢٠١٩) سووتەمەنی لە قەزای پێنجوێن دابەشدەکرێت، بۆیە لەسەر ئەم دوو خاڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران ڕێککەوتین، کە خۆپیشاندان کۆتایی پێبێت”.