نوچە
تیمی فریاكەوتن و پەرەپێدانی عێراق ئاشکرای دەکات، کە لە فەللوجە سەر بە پارێزگای ئەنبار گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە.
تیمی فریاكەوتن و پەرەپێدانی عێراق، بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجەیفی، ڕۆژی دوشەممە(٩-١٢-٢٠١٩) لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە “لەلایەن چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوەوە پێمان ڕاگەیەندراوە گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە فەللوجە نزیك سەربازگەی تاریق دۆزراوەتەوە، لەكاتێكدا ئەو ناوچەیە بەهیچ شێوەیەك نەكەوتوەتە ژێر ركێفی داعش یاخود ئەلقاعیدەوە”.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەو تیمە داواكارییەكی ئاراستەی نەتەوە یەكگرتوەكان كردووە، تا سەردانێكی مەیدانی شوێنی گۆڕە بەكۆمەڵەكە بكەن و نموونە لە جەستەی روفاتەكان وەربگرن، بە ئامانجی بەراوردكردن لەگەڵ ئەو خێزانانەی كەسوكاریان بێسەروشوێنن”.
ئاماژە بەوەشكراوە “تا ئێستا چارەنوسی ئەو كەسانەی لەژێر ركێفی چەكدارییدا لە ناوچەكانی فەللوجە و قەسڵاوییە بێسەروشێوێنكراون نادیارە، پۆشاكی ئەوهاوڵاتیانەش دەریدەخات كە كوژراون و پێویستە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لێپێچینەوەی پێویست ئەنجامبدرێت”.