نەوزاد عەلی-سلێمانی
کارگێری دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی ڕایدەگەیەنێت، بڕیار دراوە پێش هاتنی ساڵی نوێ یەکگرتووی ئیسلامیی کۆنگرەی ھەشتەمی خۆی ببەستێت.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هاوشێوەی حزبەکانی دیکە، دەیەوێت پێش ھاتنی ساڵی نوێ خۆی نوێبکاتەوە، لە ڕێگەی بەستنی کۆنگرەی ههشتهم بۆ حزبەکەی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، هێمن ئەسکەندەر، کارگێری دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی، سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی حزبەکەیان، ڕایگەیاند “سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بڕیاری داوە، لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆنگرە ببەستێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆنفرانسی مەڵبەندەکان دەستیپێکردووە و ئەمڕۆش بەردەوام بووە، لە دوای کۆنفرانسی مەڵبەندەکانیش ڕۆژی کۆنگرە دیاری دەکرێت”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئامادەکارییەکانی کۆنگرە بەو ئاراستەیەن، بەستنی کۆنگرە نەکەوێتە ساڵی داهاتووەوە، بۆیە یەکگرتوو ترسی لە بەستنی کۆنگرە نییە، مەگەر دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان بەجۆرێکی دیکە بگۆڕدرێت.
سەبارەت بە لابردنی پاشگری ئیسلامیی، هێمن ئەسکەندەر، گوتی “ڕایەک هەیە بۆ لابردنی پاشگری ئیسلامیی و گۆڕینی ناوی حزبەکە، بەڵام دواجار ئەو بابەتە بە دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە، پێشبینیش دەکرێت پێش بەستنی کۆنگرە ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە ئەو پەیڕە و پڕۆگرامەی، کە دەچێتە کۆنگرە لە کۆنفرانسدا مناقەشەی دەکرێت، لە کۆنگرە زۆر مناقەشە ناکرێت، لە کۆنگرە ڕەتدەکرێتەوە یان قبوڵ دەکرێت”.