نوچە: مورادی
لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان راپۆرتێک لەبارەی کێشە و گیروگرفتەکانی پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکانی گەرمیان لەگەڵ سوپای عێراق ئامادە دەکات، ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت ”بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بوونی هەیە”.
بەگوێرەی زانیارییەکان، له سنووری خانه‌قین، گوڵاڵه، كوڵه‌جۆ و كفری هێزه‌كانی لیوای سێی پیاده، لیوای ١٦، لیوای ٥ و لیوای ١٢٨ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هه‌یە.
ئه‌ندامانی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان ڕۆژی شەممە (٧-١٢-٢٠١٩) چوونە لای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له سنووری شارۆچكه‌ی كوڵه‌جۆ و خانه‌قین، بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه به‌ئاگابن له كێشه و گیروگرفته‌كان، دواتریش له ڕێگەی په‌رله‌مانه‌وه فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به راپۆرتێك له گرفته‌كان ئاگاداربكه‌نه‌وه.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، عوسمان كه‌ریم سواره، جێگری سەرۆکی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان لەبارەی سەردانیان بۆ ناوچەی گەرمیان ڕایگەیاند: به‌دواداچوون ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش چییه و كێشه و گیروگرفته‌كان چین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و په‌رله‌مان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و دەڵێت ”ده‌بێ كارێك بكه‌ین داعش له‌م ناوچانه بنبڕبكرێن به هه‌موو شێوه‌یه‌ك”.
عوسمان سوارە دەشڵێت، بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بوونی هەیە، کە لە هەندێک شوێن کەمتر یان زیاترە و داعش‌یش سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەردەگرێت. هەروەها چەندین گوندی لێیە، بەڵام گوندەکان چۆڵن و هەندێکیان ماڵیان تێدایە و بەشێکی زۆریان کوردن و هەڕەشەیان لەسەر و داوایان لێیان کردووە چۆڵی بکەن.
جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمان گوتیشی، ئەو چەکدارانەی داعش، جیا لەوەی بیروباوەڕی توندڕەوەی و تیرۆریستی داعش، هەڵگری بیری فاشیستین و رووی هێرشەکانیان زیاتر روو لە ناوچە کێشە لەسەرەکانە. گوتیشی، لەبەرامبەردا هێزێکی زۆری پێشمەرگە بە چەکی باشترەوە گەیشتووەتە ئەو ناوچەیە.
به‌پێی زانیارییه هه‌واڵگرییەکانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، له سنووری نه‌فت خانه‌وە تاوەكو قه‌ره‌ته‌په و نه‌وجول ده‌یان چه‌كداری داعش بڵاوه‌یان پێ كراوه، له سه‌ره‌تای مانگی ١٢ی ئه‌مساڵه‌وه سێ جار هێرشیان كردووەته سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاسایش، شەش كه‌سیان شه‌هیدكردوون و شه‌شی دیكه‌شیان برینداركردوون.
هەروەها سێ جاریش په‌لاماری حه‌شد و سوپای عێراقیان داوه، حەوتیان كوشتوون و ١٩-شیان برینداركردوون.