نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی٢٠٢٠ پەسەند نەکرێت، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت.
بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی عێراق و دیاری نەکردنی کاندیدێک بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی، ڕەنگە نەتوانرێت پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ تاکۆتایی ئەمساڵ پەسەند بکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە بەپیی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەغدا مانگانە ٤٥٣ ملیار دینار دەنێرێتە هەرێمی كوردستان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، ڕایگەیاند “بەپێی یاسا هەرکاتێک پڕۆژەیاسای بودجە ساڵی نوێ پەسەند بکرێت، ئەو کاتە کار بە یاسا نوێیەکە دەکرێت، بۆیە ئەگەر بودجەی ٢٠٢٠ لە پەرلەمان تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ تێنەپەڕێت ناردنی مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان وەك ساڵی پێشوو بەرەدوام دەبێت”.
جەمال کۆچەر گوتیشی “سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای دەستلەکارکێشانەوەی بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، کە ئەوان حکوومەتی کاربەڕێکەرن و دەسەڵاتی ناردنی پڕۆژەیاسای بوودجەیان نییە بۆ پەرلەمان”.