نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی پیشەسازی و بازرگانی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا لیژنەکەمان سەرقاڵی نوسینەوەی یاسایەکە، بۆ چاودێری و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوەخۆی.
بە مەبەستی گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کار بە یاسای ژمارە١١ی ساڵی ٢٠١٠ی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق بکات، کە تایبەتە بە چاودێری و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. کتۆر شیرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە، سامانە سروشتییەکان، پیشەسازی و بازرگانی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند “لیژنەکەمان سەرقاڵی نووسینەوەی یاسایەکە، بۆ چاودێری و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی، یاساکە خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمان بۆ کراوە، داوامان لە حکوومەتی هەرێم کردووە، کە پاڵپشتی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بکات، بەڵام هێشتا حکوومەت بەفەرمی هیچ وەڵامێکی نەبووە”.
شێرکۆ جەودەت گوتیشی “دوای تەواو بوونی نووسینەوەی ئەم یاسایە، پەرلەمان کۆپییەکی دەنێرێت بۆ حکوومەت، بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی لەسەر یاساکە ڕابگەیەنێت، دواتر بە بەشداری نوێنەرانی سەندیکاکانی هاوردە و هەناردەکاران، پیشەسازی و ژوورەکانی بازرگانی و ئەوانەی لە ڕووی مەیدانی تایبەتمەندن بەم بابەتەوە هۆرکشۆپ و کۆبوونەوەی بۆ ئەنجامدەدرێت، لەئایندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
ناوبراو ئاماژە بەوەشدەکات، کە خاڵە سنوورییەکان بەپێی دەستوور بەدەست حکوومەتی عێراقە، بەڵام لەواقیدا بەدەستی هەرێمە، بۆیە دەبێت ئەو گرفتە لەڕێگەی یاسایەکی تایبەت بە هەناردە و هاوردە چارەسەر بکرێت. دەشڵێت، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی بە دوو ڕێگا دەکرێت:
یەکەم: پشتیوانی کردنی بەرهەمی ناوخۆیی و تەشجیعی ناوخۆیی، چونکە بەگشتیی زیاتر لە ٤٧% ی کارگەکانی هەرێمی کوردستان پەکیان کەوتووە یان داخراون، کە ئەوەش ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە، بۆیە دەبێت ئەوانە زیندوو بکرێنەوە، پشتیوانی بکرێن، وزەیان بۆ دابین بکرێت و خزمەت بکرێن، لە هەمان کاتدا ڕێگرییان لێبکرێت لەوەی ئیستغلالی نرخ و جۆری کاڵاکان بکەن.
دووەم: بۆ پارستنی بەرهەمی خۆماڵی پرسی گومرگەکان و خاڵە سنوورییەکانە، دەبێت سیاسەت و سیستمێکی گومرگی وای هەبێت، خاڵە سنوورییەکان، کوالێتی و جۆری کاڵاکان کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوەی ئێستا ڕوو ئەدات دەرچوونە لە سیستەم لەلایەن چەند کەسانێکی دەست ڕۆیشتووەوە، کە دەبێت نەمێنێت.