نوچە: ئاژانسەکان
هۆکاری تەقینەوەی شەوی رابردوو لە هۆڵێکی زەماوەندی شاری سەقز راگەیێندرا و سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە دەڵێت، قوربانییەکان بە تەقینەوە گیانیان لەدەست نەداوە.
سەرۆکی شارەوانی سەقز رایگەیاندووە ”لە رووداوەکەدا کەس بەهۆی تەقینەوەکە گیانی لەدەست نەداوە، بەڵکو دوای تەقینەوە خەڵکەکە پەشۆکاون و هەموو پێکەوە روویان لە دەرگای چوونەدەرەوە کردووە و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، ژێر خەڵکەکە کەوتوون”.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، سەرۆکی رێکخراوی ئاگرکوژێنەری شاری سەقز رایگەیاند ”لەنێو هۆڵەکە چەند زۆپا داندرابوون کە بە بوتڵی گاز کاریان دەکرد و بۆ ئەوەی کە باشتر گاز بگاتە زۆپاکان، بوتڵە گازەکانیان لەنێو دەبەیەکی ئاوداناوە و لەژێر دەبەکەش ئاگرکراوەتەوە کە بووەتە هۆی قاڵبوونەوەی سۆندەی یەک لە زۆپاکان و بەو هۆیە ئاگریگرتووە و بوتڵەکە تەقیوەتەوە”.
شەوی رابردوو (پێنجشەممە ٥-١٢-٢٠١٩) کاتژمێر١٠:١٠، بەکاتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بوتڵی گاز لە هۆڵی زەماوەندی مانگەشەو لە شاری سەقز تەقییەوە.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەکانی سەقز ”لەو رووداوەدا ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە. لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، چوار منداڵی کچی تەمەن پێنج و سێ ساڵان و کوڕێکی تەمەن چوار ساڵان هەن”. هەروەها ٤٩ کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون و رەوشی تەندروستی دوو کەسیان ناجێگیرە.