نوچە
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو هەوڵانە پووچەڵکرانەوە، کە دەیانویست وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند “لەچەند ساڵی ڕابردوو، لەساڵی ٢٠١٥ بەدواوە تاکو ساڵی ٢٠١٨ بەغدا دەیویست وەک پارێزگاکان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و کیانی دەستووری هەرێمی کوردستان، نادیدەبگرن”.
ئومێد سەباح گوتیشی “یەکێک لە ئەنجامی دانوستانداندنەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ئەوەیە، لەڕووی سیاسییەوە تەرکیزمان لەسەر ئەوە بوو، دەبێت لە بوودجەی گشتی عێراق، وەک کیانێکی دەستووری مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکەن، نەک وەک پارێزگا”.
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت “بە خۆشحاڵییەوە لەوێش پەسەند کراوە، واتە کیانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەستوورییەوە پارێزراو دەبێت”.