نوچە
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە هیچ فڕۆکەیەکی هەڵگری چەک لە ئیماراتەوە هاتبێتە هەولێر و ڕایدەگەیێنێت، هەواڵەکە تەواو دروستکراو و بێ بنەمایە و لە هەموو ڕاستییەکەوە دوورە.
بەگوێرەی هەواڵێکی رووداو، کە سەرچاوەیەکى بەرپرس لە دیوانى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند “هیچ ڕاستى و بنەمایەک بۆ ئەو هەواڵە نییە کە چەند ڕۆژێکە لە هەندێ کەناڵ و سایتى عەرەبى بڵاوبووەتەوە و هەندێ لە ماڵپەڕە کوردییەکانیش گواستوویانەتەوە، گوایە دواى سەردانى بەڕێزان سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک وەزیرانى هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات، سێ فڕۆکەى بارهەڵگر چەکیان هێناوە و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر نیشتوونەتەوە”.
سەرچاوەکە دووپاتیکردەوە، کە “هەواڵەکە تەواو دروستکراو و بێ بنەمایە و لە هەموو ڕاستییەکەوە دوورە”.