نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیار لەسەر پرسی بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەدرێت.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دەبێت ھەر سێ ساڵ جارێک حزبەکە کۆنگرە ببەستێت، یەکێتی لە ١-٧-٢٠١٠ کۆنگرەی سێیەمی خۆی بەست، بڕیارە ٧-١٢-٢٠١٩ کۆنگرەی چوارەمیش ببەستێت، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە پرسی دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی گەرمتر بووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مستەفا چاڵاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی، لەبارەی بەستنی کۆنگرەی حزبەکەی، ڕایگەیاند “دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، هەر بەردەوامە لە کارەکانی و ئامادەکاری بۆ کۆنگرە؛ ئێمە پێمان باشە کۆنگرە لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، دەکرێت کاتی کۆنگرە دوابخرێت، بەڵام ناکرێت کۆنگرە نەبەسترێت، بۆیە هەردەبێت بکرێت”.
سەبارەت بە دەنگۆی دواخستنی کۆنگرە، چاڵاوی گوتی “بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتی لە سەر پرسی کۆنگرە کۆببێتەوە و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت”.