نوچە: رووداو
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، نامەیەکی ئاراستەی ئامادەبووانی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی نەینەوا کرد، کە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و نامەکەش باس لە گرنگی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەکات، کە لەلایەن ماتیو تیولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، بۆ ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە خوێندرایەوە.
لە نامەکەی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکادا، بۆ بەشداربووانی کۆڕبەندەکە هاتووە “ئێوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق. هەروەها ئێوە پێزانینی ئەمەریکاتان هەیە بۆ ئەو کارەی ئەنجامیدەدەن”.
لەبارەی سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، پێنس لە نامەکەیدا نووسیویەتی “سەردانەکەی ئەم دواییەم بۆ عێراق و سەردانکردنی هەولێر، دەرخەری بایەخ و پابەندی تەواوی ئەمەریکایە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان و پشتیوانیکردن لە پێشکەوتنی عێراق، وەک وڵاتێکی خۆشگوزەران، سەروەر و سەربەخۆ”.
سەبارەت بەگرنگی کۆڕبەندەکە، مایک پێنس لە نامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، گومان نییە، کە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی نەینەوا، هاوکار دەبێت بۆ دروستکردنی کاری جێگیر بۆ عێراقییەکان، بەتایبەتیش بۆ کوڕان و کچانی گەنج؛ هەروەها هاوکار دەبێت تاوەکو عێراق پارێزگاری لە کولتووری دەوڵەمەندی خۆی بکات.
لە کۆتایی نامەکەدا جێگری سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە هاوکاربووە بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە و دەشڵێت “گومان لەوەدا نییە ئەمریکا لەگەڵ عێراقێکی ئازاد و دیموکرات و خۆشگوزەراندایە”.
دەقی قسەکانی ماتیو تیولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق:
بەڕێز قوباد تاڵەبانی، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا، دۆستان و میوانان، شەرەفێکی مەزنە کە ئەمڕۆ لێرەم بەخێرهاتنتان بکەم بۆ ئەم کۆنفرانسە گرنگە. بازرگانەکان لە دەشتی نەینەوا، وەبەرهێنە نیشتمانییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لە بەغدا و هەروەها چەندین وەبەرهێنەری نێودەوڵەتی ئەمڕۆ لێرەن و لە ئەمریکا، بەریتانیا و لەنێو رەوەندی عێراق لە سەرانسەری جیهانەوە هاتوون.
بەڕێزان، ئامادەبووان بەیانیتان باش. من کەمتر قسە لەسەر ئەوە دەکەم کە لە ماوەی ئەم دوو رۆژە چی باس دەکرێت، ئەوەی دەمەوێت ئەنجامی بدەین زیاتر ئەوەیە بۆچوونەکانی خۆمان لێرە هاوبەشی پێبکەین، ئەمەش لەڕێگەی نامەیەک کە شەوی رابردوو لەلایەن مایک پێنس، جێگری سەرۆکەوە بەدەستمان گەیشت، کە نامەکە بۆ هەموو ئەوانەیە لێرە بەشدارن، نامەکەی سەرۆک دەڵێت: “بەڕێزان بەشداربووانی کۆڕبەندەکە، جێگەی شەرەفە بۆ من بەناوی سەرۆک و گەلی ئەمریکاوە بەخێرهاتنتان بکەم، سوپاس بۆ بەشداریتان لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی نەینەوا. ئێوە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق. هەروەها ئێوە پێزانینی ئەمریکاتان هەیە بۆ ئەو کارەی ئەنجامیدەدەن. سەردانەکەی ئەم دواییەم بۆ عێراق و سەردانکردنی هەولێر، دەرخەری بایەخ و پابەندی تەواوی ئەمریکایە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان و پشتیوانیکردن لە پێشکەوتنی عێراق، وەک وڵاتێکی خۆشگوزەران، سەروەر و سەربەخۆ. گومان نییە کە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی نەینەوا، هاوکار دەبێت بۆ دروستکردنی کاری جێگیر بۆ عێراقییەکان، بەتایبەتیش بۆ کوڕان و کچانی گەنج. هاوکار دەبێت تاوەکو عێراق پارێزگاری لە کولتووری دەوڵەمەندی خۆی بکات. دەمەوێت سوپاسی ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، ژووری بازرگانی ئەمریکا، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بکەم کە هاوکاربوونە بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە. لە کۆتاییدا، دەمەوێت هیوای باشترین بۆ نەجم جبووری، پارێزگاری نوێی نەینەوا بخوازم. گومان لەوەدا نییە ئەمریکا لەگەڵ عێراقێکی ئازاد و دیموکرات و خۆشگوزەراندایە. لەگەڵ رێزم، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا’ بۆیە بەڕێزان من لەمە زیاتر ناڵێم”.