نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی دەبێت کەسێک بێت، کە ڕای شەقامی لەسەر بێت، چونکە شەقام هەموو کەسێکی قبوڵ نییە.
دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی پەسەندکرد، بەپێی دەستووری عێراق، ئێستا حکوومەت حکومەتێکی کاربەڕێکەرە، تا ئەوکاتەی لایەنەکانی عێراق حکوومەتێکی نوێ پێکدەهێنن، بەگوێرەی ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراق، ١٥ ڕۆژ لەبەردەم لایەنەکاندایە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ناسر یوسف هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، ڕایگەیاند “ئێستا عێراق لە دۆخێکی مەترسیدار و هەستیار دایە، پێویستە سەرجەم لایەنەکانی عێراق بە بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی بیربکەنەوە، بەو ئاراستەیەی، کە خزمەتی عێراق بکات، هەروەها پەلەبکەن لەسەر دیاری کردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق”.
هەرکی گوتیشی “شەقامی عێراقی ئێستا هەموو کەسێکی قبوڵ نییە، بۆیە دەبێت ئەو کاندیدەی، کە لایەنەکانی لەسەر ڕێکدەکەون، کەسێک بێت تاڕادەیەک ڕای شەقام و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر بێت، بۆ دیاری کردنی کەسێکی وەهاش ڕەنگە کاتی بوێت، بەڵام بەرژەوەندی عێراق و خەڵکەکەی دەبێت لە پێش هەموو شتێکەوە بێت، ئەگەر بیانەوێت خزمەتی گەلی خۆیان بکەن، ئەگەر وەک پێشووتریش هەرکەس بیر لە بەرژەوەندی خۆی بکاتەوە عێراق چارەنووسی لە ئێستا باشتر نابێت”.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەدیاریکردنی کادیدێک دەکرێت بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی، پەرلەمانتارەکەی پارتی، دەڵێت “تاکو ئێستا هیچ کاندیدێک بەفەرمی لەلایەن لایەنەکانەوە دیاری نەکراوە، ئەوانەشی کە دەگوترێت، ڕەنگە دوور بێت لە راستییەوە”.