زانیاری نوێ لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، هەتا وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق نەگەنە فۆرمێکی هاوبەش ناتوانی پێشبینی بکەی پێشمەرگه دەگەڕێتەوە ناوچەکوردستانیەکان یان نا.   

لە دوای رووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ وە، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە داگیرکراوە، کە پێشتر لەدەستی هێزەکانی پێشمەرگەدا بووە، ئەمەش وایکردووە بۆشاییەکی ئەمنی لەنێوان هێزەعێراقییەکان و هێزی پێشمەرگە درووست بێت، هێزەکانی عێراق وەک پێویست ناتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن، بۆیە هەوڵدەدرێت جارێکی دیکە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، لیوا قارەمان کەمال، جێگری هەیئەی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، سەبارەت بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، ڕایگەیاند “لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ هەموو ئەو هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنانەی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەبوون پچراون، بەڵام ئەوەبوو ئەم ساڵ چەندین کۆبوونەوە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق ئەنجامدران، لەڕێگەی ئەو لیژنە سەرەکی و فەرعییانەی پێکهێنرابوون، بۆ ئەوەی دووبارە هەماهەنگی درووستبکرێتەوە”.        

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆتا سەردانی وەزیری پێشمەرگەش بۆ بەغدا جارێکی دیکە باسی ئەو بابەتە کرایە و بڕیار بووە وەفدەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق وەڵامی وەزارەتی پێشمەرگە بدەنەوە، لەسەر ئەوەی کە جارێکی دیکە دابنیشین و هەماهەنگی درووستبکرێتەوە.      

لیوا قارەمان کەمال گوتیشی “ئەوان بەڵێنیان دا کە ٢-١١-٢٠١٩ وەفدەکەی وەزارەتی بەرگری عێراق بێنە وەزارەتی پێشمەرگە لە هەولێر بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەردوو وەفدەکە کۆبوونەوە ئەنجامبدەن، تا دەگەینە لێكتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ درووستکردنەوەی هەماهەنگییەکان”.   

بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، جەختیشیکردەوە “بەهۆی بەردوامی خۆپیشاندانەکان و ئەو ڕووداوانەی، کە لە عێراق روویانداوە، وەفدەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، نەیاتوانییەوە سەردانی هەرێم بکەن، بۆیە داوای لێبوردنیان کردووە”.    

لیوا قارەمان کەمال دەشڵێت “دیار نییە کەی وەفدەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەبێتەوە، بۆیە هاتا ئەو هەردوو لیژنە سەرەکییەکە، جارێکی تر کۆنەبنەوە و فۆرمێکی هاوبەش دانەڕێژنەوە بۆ درووستکردنەوەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکان، ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین پێشمەرگه دەگەڕێتەوە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ یان نا”.           

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com