نوچە-ئاژانسەکان
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی چوارەمین ڕاپۆرتی خۆی لە بارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی چوارەمین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی، لە ئەنجامی توندوتیژی و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکان لە خۆپیشاندەران، لانی کەم ٢٠٨ کوژراون.
ڕاپۆرتەکە جەختیش دەکاتەوە، کە ڕێژەی کوژراوەکان لەم ژمارەیە زیاترە و لە نەبوونی زانیاری تەواو بەراورد دەکرێ، کە ژمارەی قوربانیان لەوەی، کە هەیە زیاتر بێت.
بە گوتەی بەرپرسێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی، کوژرانی ئەم ژمارەیە لە خۆپیشاندەرانی ئێرانی سەلمێنەری دڕندەیی و نابەرپرسیاربوونی هێزە ئەمنیەکانە بەرامبەر بە گیانی خۆپیشاندەران.
ڕێکخراوەکە هەروەها پشتڕاستی دەکاتەوە، کە حکوومەت بەرامبەر بە ڕادەستکردنی تەرمی قوربانیان، لە بنەماڵەی کەس و کار و ئەندامانی بنەماڵەکانیان داوای پارەی کردووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم زانیاریانە لە ناوخۆی ئێران و بە رێگەی چالاکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ کۆکراونەتەوە و دوای هەڵسەنگاندی درووستی و نادرووستی لە لایەن کارناسانی ئەم رێکخراوە، بڵاوکراونەتەوە.