نوچە: مورادی
پەرلەمانتارێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، شاندی دانوستاندنكاری كوردستان لە بەغدا لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە گفتوگۆیەكی سەركەوتووی هەبووە و مانگانە نزیكەی ترلیۆنێك دینار بۆ هەرێمی كورستان دێت.
بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠، بە نزیكەی ١٦٢ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، پەرلەمانتارانی عێراقیش بەشێوەیەكی گشتیی دوو دەسەڵاتی سەرەكییان هەیە بۆ دەستكاریكردنی بودجە و دەسەڵاتی كەمكردنەوەی بودجەكەیان هەیە. هەروەها دەسەڵاتی ئەوەشیان هەیە بەشە بودجەی وەزارەتێك بۆ وەزارەتێكی دیكە بگوازنەوە.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لە ڕاگەیاند، شاندی دانوستاندنكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گفتوگۆیەكی سەركەوتوویان لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق كردووە.
شیروان میرزا دەشڵێت، لەو گفتوگۆیانەی كراون زیاتر لە ١٥ بڕگەی بودجەی سیادی لابراون و بەوەش بودجەی هەرێمی كوردستان زیاددەبێت و خەرجی گواستنەوەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتیش كە كوردستان ڕادەستی عێراقی دەكات، دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش حەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكانی كوردستان بە ئاگاداری كۆمپانیای سۆمۆ دەدات.
لەبارەی بەشە بودجەی پێشمەرگە، شیروان میرزا گوتی “بودجەی پێشمەرگە لەگەڵ ئەوەی لە ٦٨ ملیار دینارەكە زۆر زیادكراوە، لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقیش نەماوە و بڕیارە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران بێت”. دەشڵێت “لە ١٤% قەرزە نێودەوڵەتییەكانیش، كە عێراق دەیكات بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت بەدەر لەوانە، هەرێمی كوردستان لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانیش پشكی باشی دەبێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان ئاماژە بەوە دەدات “فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەوڵدەدەن بە یەكدەنگی لە پەرلەمان ئەوەی ڕێككەوتنی لەبارەوە كراوە لە بودجەدا جێگیر بكرێت”.