نوچە
ئەمڕۆ (سێشەممە ٣-١٢-٢٠١٩) سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی تایبەت بە پرسی بودجە کۆبووەوە و شاندەکە وردەکاری ئەو ڕێککەوتنەی واژۆیان کردووە بۆ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
بەپێی ڕاگەیێندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە وردەکاری ئەو ڕێککەوتنەیان بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە لەژێر رێنمایی و بە چاودێری سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لە بارەی بودجەوە ئەنجامدراوە.
شاندەکە ئاماژەی بەوەداوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتووەتە دەرئەنجامی کۆتایی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەی حکوومەتدا هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیوادارە رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت و داواش لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراق دەکات، لە قۆناخی داهاتوو، کە پرۆژەی بودجە دەچێتە پەرلەمانی عێراق، هاوکار و پشتیوان بن، لە چەسپاندن و پاراستنی ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

