نوچە: مورادی
پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، شاندی دانوستاندنكاری كوردستان لە بەغدا گفتوگۆیەكی سەركەوتوویان لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق كردووە.
بەشێكی زۆری شاندەكەی حكو,\ومەتی هەرێمی كوردستان، گەڕاونەتەوە هەرێمی كورستان، بەڵام ستافێكی هونەری بۆ هەندێ كاری بودجەكە هێشتا لە بەغدا ماوەن.
بەپێی زانیارییەكان، لەو گفتوگۆیانەی كراون زیاتر لە ١٥ بڕگەی بودجەی سیادی لابراون و بەوەش بودجەی هەرێمی كوردستان زیاددەبێت و خەرجی گواستنەوەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتیش كە كوردستان ڕادەستی عێراقی دەكات، دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش حەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكانی كوردستان بە ئاگاداری كۆمپانیای سۆمۆ دەدات.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەیادە نەجاڕ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی ئەنجامی سەردانی شاندی دانوستانکاری هەرێم لە بەغدا ڕایگەیاند: شاندی دانوستاندنكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گفتوگۆیەكی سەركەوتوویان لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق كردووە و ڕۆژی پێنجشەممە پرۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت و ئێمەش دەستمان کردووە بە دروستکردنی لۆبی لەناو پەرلەمان بۆئەوەی پەسەند برێت.
مەیادە نەجاڕ دڵنیایی دەدات و دەڵێت، لەناو پرۆژەیاسای بودجە داواکاری و ئەوەی لەم دواییانە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە جێگرکراوە و ماوەتەوە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. گوتیشی ”ئەو پڕۆژەیاسایە لەلایەن عادل عەبدولمەهدییەوە واژۆی لەسەر کراوە پێش دەستلەکارکێشانەوەی، ئەگەرنا گرفتەکانی عێراقی هێندەی دیکە قورستر دەکرد”.