نوچە: مورادی
پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەموو کارەسات و گرفتەکانی عێراق لە جێبەجێنەکردنی دەستووردا خۆی دەبینێتەوە. پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەم قۆناغەدا لەماوەی پێشوو هەنگاوی زۆر باشیان بڕیووە
حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، هەوڵی پەراوێز خستنی کوردیان داوە و لە دوای رووخانی رژێمی بەعسیش، سەرەڕای هەبوونی دەستوورێک، کە مافی پێکهاتەکانی تێدارەچاو کراوە بەتایبەت کورد، بەڵام کاری پێنەکراوە، بەهاتنەسەرکاری عەبدولمەهدی هەوڵی چارەسەرکردنی هەموو گرفتەکان درا و لە چەند کەیسێک تەنیا واژۆکەی ماوە بەڵام دۆخی عێراق بەروە نادیار ملی رێی گرتووە و سەرۆک وەزیرانیش دەستیلەکار کێشاوەتەوە، بەڵام دیار نییە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. ئەشواق جاف، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ڕەوشی نوێی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ڕایگەیاند: هەموو کارەسات و گرفتەکانی عێراق لە جێبەجێنەکردنی دەستووردا خۆی دەبینێتەوە. پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەم قۆناغەدا لەماوەی پێشوو هەنگاوی زۆر باشیان بڕیووە و چەندین لیژنە لە نێوان هەردوولا دروستکران و بە بەردەوامی کاریان دەکرد، بەبێ ئەوەی لە رڕگەیاندنەکان بیخەنەڕوو. هەروەها بەبێ دەستوەردانی ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە کەیسەکانەوە نەبووە.
ئەشواق جاف دەشڵێت، چەندین کەس، کە ماوەیەکی کەمە روویان لە سیاسەت کردووە یان بە هەڵکەوت بوونەتە سیاسیی، دەیانویست بوونی خۆیان بسەلمێنن، بە رێگەی دروستکردنی کەشێکی ئاڵۆز، لەسەر پەیوەندی لە نێوان ئەم دوو حکوومەتە. بەڵام هەر لەو ماوەیەدا لیژنەکان کاری زۆرباش و بەرهەمدار ئەنجامدا.
لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەرێم و عێراق، ئەشواق جاف گوتی ”ئەگەر بەغدا نیەتی باشی هەبێ بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێم، دەبێ لەسەر مێزی گفتوگۆ و بە پشت بەستن بە دەستوور، نەک لە ڕێگەی بەیاننامەوە وەڵامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە.
ئەو کەسایەتییە سیاسییە پێیوایە ”لەم کابینەیە، گفتوگۆیەکی یاسایی و دەستووری کرا و ڕێککەوتن یەکەم کەیس، کەیسی بودجە ڕێککەوتن واژۆ بکەن و کەیسەکانی دیکەش هەر بەوشێوەیە ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت. دەشڵێت ”ئەگەر بەشێوەی یاسایی و دەستووری گفتوگۆ بکرێت بە دڵنیاییەوە ئەنجامی دەبێت، لەدوای عادل عەبدولمەهدی هەر کەسێک بێت، پەیوەندی بەوەوە هەیە تاچەند پابەندە بە یاسا و دەستوور جێبەجێ دەکات”.