نوچە
سهرۆكی ههرێمی كوردستان، لەکۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئەنەکەسە، ئامادەیی بۆ هاوکارى و پشتگیریى هەر هەوڵێک لەپێناو ئارامى و سەقامگیرى و چارەسەرکردنى ئاشتیانەى کێشەکان لە ناوچەکە نیشان دا.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢-١٢-٢٠١٩ لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندێکى باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانی کوردى لە سووریا (ئەنەکەسە) بە سەرۆکایەتیی سعوود مەلا، سەرۆکى ئەنەکەسە، دوایین پێشهاتەکان و دۆخى سووریا و ئامادەیى و ڕۆڵ و کاریگەریى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکانیان لە ناوچەکە تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە پێویستی تەبایى و یەکترقبووڵکردن لەنێوان پێکهات و لایەنەکان لە سووریا و کارکردن لەپێناو چارەسەرى کێشەکان و گێڕانەوەى ئارامى و سەقامگیریى کردەوە، نیگەرانى خۆیشیان لە هەوڵەکانى گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچەکە و کار و ڕەفتارى چەکدارانى توندڕهوى ئۆپۆزسیۆنى سووریا نیشان دا.
