نوچه: مورادی
شرۆڤه‌كارێكی سیاسیی كورد ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ی له عێڕاق ده‌گوزه‌رێ و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانیش چاوه‌ڕوانكراو بوو؛ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ئێستا خۆپیشاندان نییه، به‌ڵكو راپه‌ڕینه له دژی زڵم و زۆر و چه‌وسانه‌وه‌ی له ١٥ ساڵی ڕابردوودا له عێراقدا هه‌یه.
به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه و گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی به‌رپرسی ئیداری و ده‌یان كێشه‌ی گه‌وره و شه‌ڕ و قه‌یران، هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان و نه‌بوونی ئیراده لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌ت شیعه، سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه و به‌گوێره‌ی خوێندنه‌وه‌كان دۆخی عێراق له لێواری شه‌ڕێكی سه‌ختی ناوخۆی ماڵی شیعه‌دایه و چاره‌سه‌ریشی ئاسان نابێت. هه‌روه‌ها په‌لاماردانی شوێنه ئاینییه‌كان سیاسییه‌كانی توشی شۆك كردووه، به‌جۆرێك لێكدانه‌وه‌ی به ئاسان نابینن.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه، حه‌سه‌ن بارام، شرۆڤه‌كاری سیاسیی كورد و شاره‌زا له دۆخی سیاسیی عێراق، له‌باره‌ی دۆخی نوێی عێراق ڕایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی له عێراق ده‌گوزه‌رێ و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانیش چاوه‌ڕوانكراو بوو؛ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ئێستا خۆپیشاندان نییه، به‌ڵكو راپه‌ڕینه له دژی زوڵم و زۆر و چه‌وسانه‌وه‌ی له ١٥ ساڵی ڕابردوودا له عێراقدا هه‌یه، بۆیه ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی كۆتایی به‌و دۆخه ناهه‌مواره ناهێنێ و عێراق ده‌چێته قۆناعێكی سه‌ختتره‌وه، كه كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌ر و پێشهات به دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
حه‌سه‌ن بارام ده‌شڵێت، ئامانج و دروشمی خۆپیشانده‌ران زۆر روونه، كه ده‌یانه‌وێت ئه‌م ده‌وڵه‌ته، سیسته‌م و ئه‌م نوخبه‌یه‌ی له ١٥ ساڵی ڕابردوو حكوومڕانی ده‌كات، دوور بخرێنه‌وه و حكومه‌تێكی مه‌ده‌نی و دوور له ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له عێراق بینا بكرێت.
ئه‌و شرۆڤه‌كاره ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو و پێوایه، له ئێستادا خۆپیشانده‌ران ته‌نیا ئامانجیان گۆڕینی حكوومه‌ت نییه به‌ڵكو قسه له‌سه‌ر سیسته‌مه‌كه ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییه ئایینی و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی، كه ماوه‌ی ١٥ ساڵه حكوومیان له‌ده‌ست بووه؛ بۆیه وه‌ك په‌رچه‌كردار په‌لاماری شوێنه پیرۆزه‌كانیش ده‌درێت و نایانه‌وه‌ێ بچنه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی ئه‌وانه‌وه، كه ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كی قورسه.