نوچەنێت
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: مەبدەئییەن ڕێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە، بەمزوانە واژۆدەکرێت.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە ڕۆژانە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ڕەوانە دەکات، لە بەرامبەردا بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەنێرێت، هەروەها قەرزە دەرەکییەکان، خەرجییە حاکیمەکان و مووچەی پێشمەرگەش دەنێرێت.
بە گوتەی بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق “بەهۆی ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هیچ فراکسیۆنی لە پەرلەماندا نییە، ڕەنگە پەسەندکردنی زەحمەت بێ، بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بنێرێت”.
ڕۆژی دووشەممە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لیژنەی ئابووریی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی سەرەتایی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2020 ئەنجامدرا.