نوچه: ئاژانسهكان
پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندرا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای کردووە حکوومەتی عێراق لە بەرانبەر هێرشبەرانەدا بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکات.
لەمبارەوە عەباس مووسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند “وێڕای ئیدانەکردنی هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەمان لە نەجەف، داواکارین عێراق بەرپرسیارانە و لێبڕاوانە لەگەڵ هێرشبەر و تێکدەران بجووڵێتەوە”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێ حکوومەتی عێراق لە پاراستنی شوێنە دیپلۆماتیکەکان ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و جەختی کردووەوەتە ناڕەزایی ئێران لەو بابەتە بە جددی بە باڵیۆزی عێراق لە ئێران گەیەندراوە.
لە کاردانەوە بە سووتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف، وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی عێراق به بەڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، سووتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف، ئیدانە کردووە.