نوچەنێت
چەند ساڵێكە لە سنووری شارەوانیی بەحركە، كەرتێك بە ناوی پێشمەرگەوە بەسەر پێشمەرگەدا- دابەش كراوە، سەرۆكی شارەوانی ئاشكرای كرد، زەوییەكانی كەرتی پێشمەرگە تاپۆ دەكرێن و خزمەتگوزاریشیان بۆ دابین دەكرێت.
زەردەشت سەرسام، سەرۆكی شارەوانی بەحركە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند “پێش چەند ساڵێك لە سنووری شارەوانی بەحركە چوار ھەزار پارچە زەوی دابەش كراون و نزیكەی دوو ھەزار لەو زەوییانە بە پێشمەرگە قارەمانەکان دراون، بەڵام تا ئێستا نە تاپۆ كراون و نە خزمەتگوزارییان بۆ دابین كراوە، بەڵام ئێمە وەك لایەنی پەیوەندیدار، لیژنەیەكمان لە نوێنەری سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر و شارەوانییەكان و شارەوانیی بەحركە، بۆ تاپۆكردنی ئەو زەوییانە پێكھێناوە”.
سەرۆكی شارەوانیی بەحركە دەڵێت “لە ئێستادا سەرقاڵی تاپۆكردنی زەویی پێشمەرگەین لە شارەدێی بەحركە، بەڵام زەوییەكان لەسەر شارەوانی ھەولێرن و دوای گواستنەوەیان بۆ سەر شارەوانی بەحركە، دەست بە قۆناغی تاپۆكردنیان دەكرێت”.
سەرۆکی شارەوانی بەحرکە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد “جگە لە تاپۆكردن، لە ھەوڵداین بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری، تا پێشمەرگە سودمەند بن و بۆ ئەو مەبەستەش داوای دابینكردنی ٦٠٠ ملیار دینارمان كردووە لە حكومەت و ھەر كاتێك پارەكە دابین بكرێت، دەستبەجێ دەست بە دابینكردنی خزمەتگوزاری دەكرێت لە زەوییەكانی پێشمەرگەدا”.