نوچەنێت
ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، لە وەڵامی راپۆرتی “هیومان رایتس واتچ” ڕایگەیاند “ئەو قوتابیانەی كە نیشتەجێی كەمپی مەخمورن و لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم دەخوێنن، ڕۆژانە بە شێوەیەكی ئاسایی هاتوچۆی خۆیان دەكەن”.
پەنابەرانی كەمپی مەخمور ژمارەیان دەگاتە نزیكەی ٢١٠٠٠ كەس، بەر لە ساڵی ٢٠١٤ كەمپەكە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، ڕێكخراوی قەندیل و فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆوە بەڕێوە دەبرا، بەڵام لە ئێستادا لە لایەن هێزە ئەمنییە نافەرمییەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و سروشتی سیڤیلیی خۆی لە دەست داوە.
ڕاپۆرتی هیومان رایتس واتچ كە لە ٢٧/١١/٢٠١٩ بە ناونیشانی “هەرێمی كوردستانی عێراق: سنورداركردنی هاتوچۆی ئاوارەكان” دەرچووە، باس لەوە دەكات كە دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم رێگری دەكەن لە هاتوچۆی پەنابەرانی كەمپی مەخمور بۆ دەرەوەی شارەكان، بە تایبەتی دوای كردەوەی تیرۆركردنی دیپلۆماتێكی توركی لە شاری هەولێر.
د. دیندار زێباری، ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “لە دوای هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم چەندین ڕێوشوێنیان گرتەبەر بۆ حەواندنەوەیان و دروستكردنی كەمپ بۆیان، یەكێك لەو ڕێوشوێنانە بریتی بووە لە ڕێكخستنی هاتوچۆی كەمپەكان، ئەویش بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی كەمپەكان و ڕێكخستنی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش رێگری لە كەس نەكراوە، تەنانەت ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لەناو شارەكان دەژین”.
زێباری، تیشكی خستە سەر ئەو راپۆرتەی هیومان رایتس و لەم بارەیەوە زیاتر گوتی: “لە دوای تیرۆركردنی دیپلۆماتێكی كونسوڵخانەی توركی لە هەولێر، دەزگا پەیوەندیدارەكان پێداچوونەوەیەكیان بە رێوشوێنە ئەمنییەكاندا كرد، بەشێك لە دانیشتوانی ئەم كەمپە كێشەیان هەیە بۆ تازەكردنەوەی ناسنامەی رێپێدان كە ژمارەیان دەگاتە (٧٦٠) كەس، كە رەزامەندیی نوێكردنەوەیان لەلایەن حكومەتی ئیتیحادییەوە دەدرێت نەك حكوومەتی هەرێم و، لەبەر نوێنەكردنەوەی ناسنامەی رێپێدان بەشێكیان كێشەیان بۆ دروست بووە لە هاتوچۆكردن بۆ پارێزگاكان، هەروەها چەند گرووپێكی سەربازیی نافەرمی لە دەوروبەر و ناو كەمپەكە بوونیان هەیە، كە دەست دەخەنە ناو بەڕێوەبردنی كەمپەكە و سەرپەرشتیی كەمپەكە دەكەن، حكوومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك بەشێك نییە لە بەڕێوەبردنی كەمپەكە و هیچ هێزێكی ئەمنیش لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بوونی نییە لەو ناوچەیەدا”.
ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی هاتوچۆی پەنابەرانی كەمپەكە و كارئاسانیكردن بۆیان، لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەك لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی ئیتیحادی، چونكە لە ساڵی ٢٠١٤ـوە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ئیتیحادی لە بەغدا نوێكردنەوەی ناسنامەی نشینگەی بۆ پەنابەرانی نیشتەجێی ئەم كەمپە راگرتووە، بەڵام پێشتر دانیشتووانی كەمپەكە ئازاد بوون لە هاتوچۆكردن بۆ هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی راپەراندنی كاروباری ڕۆژانەیان.
زێباری ئەوەشی روون كردەوە، كە سەرەڕای پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنە ئەمنییەكان، رێگری لە هاتوچۆی پەنابەرانی كەمپی مەخموور نەكراوە و لەم رووەوە گوتی: “سەرەڕای ئەو رێوشوێنانەی كە لە ئێستادا پیادە دەكرێن لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە، بەڵام ئەو قوتابیانەی كە لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم دەخوێنن، رۆژانە بە شێوەیەكی ئاسایی هاتوچۆی خۆیان دەكەن، هەروەها كەسانی نەخۆش كە لە بنكەی تەندروستیی كەمپەكە چارەسەر ناكرێن و پێویستیان بە سەردانی نەخۆشخانەی شارەكان هەیە بە مەبەستی چارەسەری، بە هیچ شێوەیەك رێگرییان لێ نەكراوە، بەڵكوو هاوكارییان دەكەن بۆ ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە بكەن، تەنیا خاڵەكانی پشكنینی هەرێم داوای دڵنیابوونەوە دەكەن لە ناسنامە و بەڵگە فەرمییەكان”.