مستەفا چاوڕەش: ناکرێت چاوەڕێی بکەین

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە ئێستادا هەنگاوێکی باشە و هیوادارم سەردانی سەرۆکی هەرێم ببێتە مایەی تەبایی. 

ئەمڕۆ ٢٦-١١-٢٠١٩، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ریه‌ك له‌ جێگره‌كانی مستەفای سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، لە شاری سلێمانی سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد و دواتر سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیان کرد و لەگەڵ کۆسرەت رەسووڵ، جێگری سکرتێری گشتی ئەو حزبە کۆبوونەوە.             

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕایگەیاند “کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە ئێستادا هەنگاوێکی باشە و دەست خۆشیان لێدەکەم، هیوادارم ئەم سەردانە ببێتە مایەی تەبایی لە نێوان لایەنەسیاسییەکانی هەرێم و خزمەتێک بەخەڵکی کوردستان بکات”.    

چاوڕەش ئاماژەی بەوەدەکات، هەرچەرندە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە ناو پەرلەمانی عێراق یەک هەڵوێستن لەسەر زۆربەی پرسەکان، بەڵام ئێستا هەڕەشەکان ئەوەندە زۆرن ئەگەر یەکگرتوو نەبین، هەموولایەکمان زەرەر دەکەین، گوتیشی “جائەم سەردانەش، کە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دابنیشێت، زەمینەیەکی باش درووستبکرێت، لە نێوان هەموو لایەنەکاندا، بۆئەوەی بەلایەنی کەمەوە مانگی جارێک یان دووجار کۆبوونەوە بکرێت، لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان”.   

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سەرکردایەتی یەکێتی، دەڵێت “چوار دەوری هەرێمی کوردستان ئاگرە، پێویستە ئێمە بەرنامەی خۆمانمان هەبێت، بۆئەوەی ئەگەر حکومەتی عێراق بڕوخێت یان بمێنێتەوە یان هەر ئەگەرێکی دیکە کە بێتە پێشەوە، ناکرێت ئێمە هەر دابنیشین و چاوەڕێی ئەم دۆخە بکەین، دەبێت ئێمە پێشوەختە بەرنامەمان هەبێت”.

هەر بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای چەند حزبێکی دیکە لە سلێمانی دەکات، ئامانج سەردانەکەش، یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان و یەک هەڵوێستی کورد لە بەغدایە، هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی پرسی پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستانی له‌ به‌غدا لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ دەکرێت.      

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com