دڵشاد شەهاب: سەرۆکایەتی هەرێم دەبێتە چەتری کۆکەرەوەی لایەنەکان

0

نوچه‌

راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان بە باش و گرنگ وەسفکرد و گوتی، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە چەتری کۆکەرەوەی لایەنەکان.

دوای کۆبوونەوەکانی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ ٢٦-١١-٢٠١٩) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان. دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئەنجامدا.

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌باره‌ی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند “ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، یەکێتی و گۆڕان گرنگ بوو. خۆتان دەزانن سەرۆکایەتی هەرێم ئەم بەرنامەی یەکخستن، یەکڕیزی و یەکگوتاری نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی دەستپێکردووە، پێشتریش چەند کۆبوونەوەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە رێکخران. بە سوپاسەوە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشداربوون و هەنگاوی باش نراون و بڕیاری باش دراون، کە جێگەی چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان بێت، بەتایبەت لەو بارودۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت. هەموو خەڵکی کوردستان بە تێکڕا چاوەڕوانی یەکگوتاریی لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەستی داوەتە ئەو ئەرکە و خۆشبەختانە پێشوازییەکی زۆری لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە لێکراوە”.

راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت “بۆئەوەی ئەو یەکدەنگییە بەردەوامی هەبێت، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ وەفدی یاوەری و جێگرە بەڕێزەکانی سەردانی لایەنەکانی دەستپێکرد بۆئەوەی هەم سوپاسیان بکات بۆ ئەو بەدەنگەوە هاتنە، هەروەها بە بەردەوامی ئەو گفتوگۆیانە هەبێت. خۆشبەختانەش لەو قسانەی لە کۆبوونەوەی هەردوو حیزبی بەشدار لە حکومڕانی کوردستان باسیان لێوەکرا قسەی دڵخۆشکەرن و هەموویان لەگەڵ ئەوەدان کە دەبێت هەموو تواناکان یەکبخرێن و هەموومان پاڵپشتی پرۆسەی بەڕێوەچوونی پەیوەندی باشی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی بین، بۆ ئەوەی ئامانجی سەرەکی تێیدا یەکگوتاری کوردستان و بە دەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بێت. هەروەها پارێزگاریکردن بێت لەو ماف و ئیستیحقاقاتانەی هەرێمی کوردستان لەڕووی دارایی و بودجە، کە ئێستا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کار بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ دەکرێت”.

دڵشاد شەهاب ئاماژە بەوەش دەدات “سەرجەم لایەنەکان لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە سەرەکییانە کۆکن، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش وەک چەتری کۆکەرەوەی سەرجەم لایەنەکان وەکو گەورەترین دامەزراوەی نیشتمانی و باڵاترین دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان بەم ئەرکە هەڵدەستێت و ئەم ئیرادەیە بەجیدی لە سەرۆکایەتیی بەرجەستەیە و پشتیوانی لایەنەکانی هەیە، بۆیە زۆر دڵخۆشین کە بڵێن کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ بەم ئاراستەیە سەرکەوتووبوون و لە داهاتوودا ئەم سەردانانە بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەردەوام دەبن”.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامانجی یەکدەنگیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد و بەجیا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com