نوچه
ئەمڕۆ بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات و بەجیا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرەکانی دەچنە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبنەوە.
بهگوێرهی زانیارییهكان، خاڵی یەکەمی ئامانجی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆبوونەوەی لەگەڵ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان شێخ جەعفەر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانە کە لە ساڵی ٢٠١٨ لەسەروبەندی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەندێک گرژیی دروستبوو، بزووتنەوەی گۆڕانیش سکاڵای یاسایی دژی شێخ جەعفەر هەیە و لەوکاتەشەوە هیچ پەیوەندییەک لەنێوانیاندا نییە.
هەریەک لە جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان یاوەریی نێچیرڤان بارزانی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی.
ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ حیزبەکان، بەتایبەت یەکێتی و گۆڕان، یەکخستنی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانە لەبەرامبەر گۆڕانکاری و رووداوەکانی عێراق و ناوچەکە، هەروەها تاوتوێکردنی دوایین کۆبوونەوەی لایەنەکانی عێراق کە ١٨ی ئەم مانگە لە بەغدا لە ماڵی عەممار حەکیم بەڕێوەچوو”.
جێگهی ئاماژهیه، كه مانگێک بەر لە ئێستا بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد، بەڵام داواکاری بزووتنەوەی گۆڕان ئەوکات ئەوەبوو، کە دەبێت شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، کە ئەوان “بە تەقەکەری سەرەکی لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان” دایاننابوو داوای لێبووردن بکات. بەڵام ئەوە سەری نەگرت و ئەمڕۆ بۆ هەمان مەبەست نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی ئاشتەوایی لەبارەی ئەو کێشانەوە دەدات.