پەرلەمانتارێک: ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لە بەرژەوەندی خەڵکه‌

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر پرسی نەوت و بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق ڕێککەوتن، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتن ١٠٠% لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و حکوومەتە.

دوێنێ ڕۆژی دووشەممە ٢٥-١١-٢٠١٩، بۆ جاری دووەمە شاندەکەی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕێککەوتن لەسەر پرسی بودجە و نەوتی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوونەوە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق، بە رۆژنامەوانانی ڕاگەیاند “کۆبوونەوەیەکی فراوانمان هەبوو بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی، وه‌ك بنه‌ما ڕێککەوتن کراوە”. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، زیاد جەبار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ڕێککەتنی هەرێم و بەغدا، ڕایگەیاند “هێشتا لێکتێگەیشتن هەیە و دوێنێیش، کە شاندی هەرێمی کوردستان دووبارە چووەتەوە بەغدا، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام ئەوەی، کە هەیە و دەمێکە ئەم بابەتە هەیە لەنێوان هەرێم بەغدا، ڕێکبکەوین لەسەر ئەوەی، کە هەرێمی کوردستان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، لە بەرانبەریشدا پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ عێراق پارێزراو بێت”. 

زیاد جەبار، پێیوایە رێککەوتنەکە ١٠٠% لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و حکومەتدایە. دەشڵێت “پێویستە رێکبکەوین، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا بینیمان کاتێک لەگەڵ بەغدا نەبووین و بەغدا مووچە و بودجەمان بۆ نەنێرێت، ژیان و گوزەران لە هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت”.

 بە گوتەی وەزیری نەوتی عێراق، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە ڕێککەوتنەکەیان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەپێی ڕێککەوتنەکەش هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات. هاوکات، نوری دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق بە رۆژنامەوانانی ڕاگەیاند “ڕێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە و هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەمان دەبێت بۆ قسەکردن لەبارەی وردەکارییەکان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com