نەوزاد عەلی-سلێمانی
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر کاری بەڕێوبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەی توندوتیژی خێزانی نەبوایە، سەد هێندەی ئێستا توندوتیژییەکان زیاتر دەبوون.
ڕۆژی دووشەممە ٢٥-١١-٢٠١٩، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی کودستان بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر کرایەوە، لەم چوارچێوەیەشدا ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لەشاری هەولێر هەڵمەتێکی بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانی لە هەرێمی ڕاگەیاند.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی، ڕایگەیاند “لە هەرێمی کوردستاندا ٢٩ نووسینگە و ١٨ تیمی مۆبایل هەیە، کار دەکەن بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سەرجەم ئەو ڕێککارانەشی، کە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کردوویانە، هۆکارێکی زۆر باش بوون، بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان”.
سەرکەوت عومەر ئاماژە بەوەدەکات، ڕاستە لە ئێستادا ڕەنگە توندوتیژییەکان بەردەوام بن، بەڵام ئەگەر کاری ئەم بەڕێوەبەرایەتیی و نووسینگانە نەبوایە، سەد هێندەی ئێستا توندوتیژییەکان زیاتر دەبوون، گوتیشی “دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە پەرلەمانی کوردستان، دانانی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند و دادگای تایبەتمەند بۆ کیشە خێزانییەکان و کۆمەڵێک کاری باشی دیکە، کە کراوە، هەموو ئەمانە هۆکاربوون بۆ ئەوەی توندوتیژییەکان کەمبکرێنەوە”.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دەڵێت “ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان زۆرە و هەندێکیان تایبەتن بۆ کارکردن بۆ ئافرەتان بەشێوەیەکی گشتیی، بەشێکی تر یان ئەو ڕێکخراوانەن، کە وەک کۆمەڵی مەدەنی کار بۆ پرسی یەکسانی جێندەری و مافی مرۆڤ دەکەن، سەرجەم ئەو ڕێکخراوانەش پێکەوە هاوکاربوونە، بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان لەماوەی ڕابردوودا”.