نێچیرڤان بارزانی جه‌خت له‌ یەکسانی جێندەری دەکاته‌وه‌

0

نوچه‌

لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جه‌خت له‌سه‌ر كاركردن بۆ پرسی دادوەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی جێندەری دەکاته‌وه‌.

لە ساڵی ٢٠٠٧وەڕا، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی تووندوتیژی دژی ژنان، کەمپەینی شانزەڕۆژی بۆ چڕکردنەوەی کار و چالاکییەکان بە ئامانجی بنبڕکردنی توندوتیژیی جێندەری و دابینکردنی دادوەری ڕادەگەیەنێت و لە ١٦ ڕۆژەدا، لە لایەن سەنتەری جێندەریی و زانکۆ و شوێنە ئەکادیمییەکان، چالاکی جۆراوجۆر بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و زیاتر یەکسان کردنی ژن و پیاو ئەنجام دەدرێن.

سەرۆکی هەرێم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: “بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژيی دژی ژنان، جەخت له‌ ئیرادەی سیاسیمان دەکەینەوە بۆ پشتگیری و کاری بەردەواممان لەسەر پرسی دادوەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی جێندەری لە هەرێمی کوردستان”.

لەبارەی کاریگەری جەنگ لەسەر ژنان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت “هەموو قەیران و شەڕێک کۆمەڵگە دەشێوێنن، هەنگاوەکان دوا دەخەن و دەبنە مایەی توندوتیژی، ئافرەتانیش قوربانیی سەرەکیی ئەو دۆخه‌ن، بۆیە لەم ڕۆژەدا و بۆ ئه‌م ئه‌ركه‌ پێويست و گرنگه‌، جەخت لەسەر بەردەوامی و هەماهەنگيی سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و ئاژانسەکانی یووئێن و ڕێکخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتییەکان ده‌كه‌ينه‌وه‌”.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها روونیکردووەتەوە، لەم ڕوانگەیەوە، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیدگایەکی ستراتیژیی فراوانمان داڕشتووە کە وەک نەخشەڕێگایەک بۆ پاراستنی ماف و گەشەپێدان و بەهێزکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگە بە هەماهەنگی له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان کاری لەسەر دەکەین.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات، کە “چالاکانە لە ئەنجامدانی کار و چالاکییەکانی شانزەڕۆژه‌ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، بەشدار بن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com