سەرۆکی هەرێم سوپاسی پاڵپشتی ئەمریکا ده‌كات

0

نوچه‌

نێچیرڤان بارزانی و مایک پێنس، دوای کۆبوونەوەی نێوانیان لە هەولێر، لە توویتەر پەیامیان بۆ یەکدی ناردووه‌ و پێنس دەڵێت، شەرەفێکی گەورەبوو لە هەولێر چاوم بە سەرۆک بارزانی کەوت. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی پاڵپشتی و پشتگیریی ئەمریکای کرد. 

ئێوارەی ڕۆژی شەممە (٢٣-١١-٢٠١٩) مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، دوای سەردانی بۆ بنکەی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئەنبار، سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، کۆبووەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکایان کرد.

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا رایگەیاند، ”شەرەفێکی گەورەبوو لە هەولێر چاوم بە سەرۆک بارزانی کەوت، بەناوی سەرۆک ترەمپەوە هاوپەیمانیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و گەلی کوردم کە لە ئەنجامی جەنگ دروستببوو لە ناوچەکە دووپاتکردەوە”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە توویتەر بۆ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەنووسێت “شەرەفمەندم لە پێشوازیی لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و هاوڕێم بۆ هەولێر، ئەم سەردانە لەم کاتە گونجاوەدا دۆستایەتی و هاوبەشی ستراتیژیی نێوانمانی دووپاتکردەوە، منیش جارێکی دیکە جەختم لە ستایشی هاوکاریی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتە سەختەکان کردەوە”.

لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی نێوان گەلی کورد و خەڵکی ئەمریکا بە پەیوەندییەکی لە مێژینە ناوبرد و گوتی “زۆر سوپاستان دەکەم کە کاتتان رەخساند تاوەکو باسی ئەو پەیوەندییە درێژخایەنەی نێوان گەلی کورد و خەڵکی ئەمریکا بکەین. بە تایبەتی سوپاسگوزارم کە توانیم ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێزتان بم”. 

هاوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و دڵنیایی پێدا لە پشتیوانیکردنی ئەو و هەرێمی کوردستان و گوتی “بەڕێز سەرۆک دەمەوێت سوپاسگوزای خۆمتان بۆ دەرببڕم و پاڵپشتی لە سەرکردایەتی بەڕێزتان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بکەم. هەروەها لەگەڵ ئێوەدا کاربکەین تاوەکو دڵنیابین لەوەی کە داعش و هەر گرووپێکی تیرۆریستی دیکە، چیدیکە توانایان نەبێت جێ پێ خۆیان بکەنەوە و نەشتوانن یەک ئینج لەم ناوچەیە بەدەستبهێننەوە”. 

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر ئیدانەی سەردانەکەی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق کرد و رایگەیاند، بەغدا پایتەختی عێراقە نەک هەولێر.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com