هەوڵی چارەسەری کێشەی بڕوانامەی ژمارەیەک زانکۆی دەدرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەک لیژنەی پەرلەمان داوامان کردووە، کێشەی بڕوانامەی خوێندکارانی زانکۆکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چارەسەر بکرێت.                             

ژمارەیەک زانکۆ و کۆلێژ ھەن، کە زۆربەیان دەکەونە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، وەک دەورووبەری کەرکوک و موسڵ، کە بریتین لە زانکۆکانی نور، قەلەم و حەربا، بەڵام کێشەیەک بۆ قوتابیانی ئەو زانکۆیانە پەیدا بووە، کە بەشێکیان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دان بە بڕوانامەکانیاندا نانێت.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەڕلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کێشەی بڕوانامەی ئەو زانکۆیانەی دەکەونە دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێم، ڕایگەیاند “کیشەی ئەم خوێندکارانە ئەوەیە، ڕاستە پێشتر مۆڵەتیان پێدراوە، کە لەم زانکۆیانە بخوێنن، بەڵام ئێستا کێشەی بڕوانامەیان بۆ دروست بووە و بڕوانامەکەیان بۆ تەعدیل ناکرێت، بەدڵنیاییەوە ئەم خوێندکارانە مافی خۆیانە و داواکارییەکانیان داواکارییەکی ڕەوایە و ئێمەش هەڵی چارەسەرکردنی کێشەکەیان دەدەین”.

ئاشنا عەبدوڵڵا گوتیشی “هەرێمی کوردستانیش کۆمەڵێک کێشەی هەیە، بۆیە ئەم بابەتە پەیوەندی بە هەرێم و بەغداوە هەیە، چونکە ژمارەیەک زانکۆی باش و ڕێکوپێکمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە حکومەتی عێراقی دانیان پێدانانێت وەک زانکۆیەکی باوەڕپێکراو، ئەوەی تەنها کارتێک کە بەدەست ئێمەوە بێت ئەوەیە بوەستین هەتا بەغدا دان بەزانکۆکانی ئێمەدا دەنێت”. 

ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، ئەم پرسە پرسێکی زۆر لەوە گەورەترە، کە تەنها پەیوەندی بە کۆمەڵێک خوێندکارەوە هەبێت، بۆیە ئەم کێشەیە تائێستا چارەسەر نەکراوە، ئێمە وەک لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم کۆبووینەوە و داوامان کردووە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.          

ناوبراو ڕاشیگەیاند “بڕیار بوو وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم و نوێنەری لیژنەی پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراقی کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە سەردانەکە دواکەوتووە، جا نازانین ئەم سەردانە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکرێت یان نا”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com