نوچه
ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە ٢٣-١١-٢٠١٩) مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا، سەردانی هەولێری كرد و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.
بهگوێرهی ڕاگهیهندراوی كۆبوونهوهكه، مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەك بەرپرسی هەرێمی كوردستان لەو پێشوازی و كۆبوونەوە لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەمریكادا بەشداربوون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای ڕایگەیاند “دەمەوێت بەناوی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەخێرهاتنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بکەم بۆ هەولێر و عێراق، هاتنی جەنابیان لەو کاتەدا بەڵگەیە بۆ پاڵپشتی عێراق و هەرێمی کوردستان”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکارییەکان و گوتی “دەمەوێت بەناوی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە سوپاسی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەین بۆ ئەو پاڵپشتییەی هەیانبووە بۆ ئێمە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، بەبێ یارمەتی ئێوە مومکین نەبوو ئێمە بتوانین ئەمڕۆ لێرە بەو شێوەیە ڕابووەستین، ئێمە سوپاستان دەکەین بۆ هەموو ئەو پاڵپشتیی و هاوکارییەی کە کردتان بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مایک پێنسی ڕاگەیاند “رێز و سڵاوی ئێمەش بگەیێنن بە جەنابی سەرۆک ترەمپ، هیوادارین ئەو پەیوەندییەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا هەیە، ڕۆژ بە ڕۆژ بتوانین لە هەموو ڕووێکەوە پەرەی پێبدەین، زۆر بەخێربێن جارێکی دیکە”.
ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار نیشتەوەو چاوی بە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا کەوت، بەڵام لەگەڵ هیچ کام لە سەرکردەکانی عێراق کۆنەبووەتەوە.
لەبارەی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند ”لە ئەنبارەوە مایک پێنس بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی کردووە، بەڵام عادل عەبدولمەهدی ڕەتیکردووەتەوە بچێتە ئەنبار و پێنس ببینێت، پرۆتۆکۆلی جێگری سەرۆکی ئەمریکاش لایەنی ئەمنی بۆ سەردانەکەی پێنس بۆ بەغدا پەسەند نەکردووە”.

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مایک پێنس لە هەولێر

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مایک پێنس لە هەولێر
