نوچه
ههژموونی ئێران، كه به هیلالی شیعه ناسرابوو لە عێراقەوە تا لوبنان و یهمهن بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کەوتۆتە مەترسییەوە. پەرەگرتنی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکوومەتەکانی عێراق و لوبنان، بۆتە هەڕەشە بۆ سەر هاوپەیمانانی ئێران لەم وڵاتانە. ئەم مەترسیانە هاوکاتن لەگەڵ مەترسییەکی گەورەتر، ئەویش داڕمانی ئابووری و دارایی ئەم وڵاتەیە.
خاڵی پێچهوانهی ههژموونی ئێران
خاڵی لاوازی ئێران له ئێراقهوه دهستیپێكرد، كاتێك عێراق، لە ڕۆژی یەکەمی مانگی ئۆکتۆبەرەوە بووەتە مەیدانی خۆپیشاندان و توندوتیژی. سەرەتا بە هۆکاری بێکاری و گەندەڵی ئەم خۆپیشاندانە دەستیپێکرد، بەڵام دواتر ئاراستەیەکی دیکە بە خۆوە گرت و ویستی گۆڕینی کابینەی حکوومەت و دەستلەکارکیشانەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها کۆتایی دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی ئەم وڵاتە بوو بە هێڵی سەرەکی ناڕەزاییەکان.
بەڵێنی حکوومەت بۆ جێبەجیکردنی داواکاری خۆپیشاندەران و هەوڵەکانی بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان. هیچ کامەیان نەیانتوانی پاشەکشێ بە هاووڵاتیان بکەن. بەڵێنی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیران، روون نییە ئایا دەتوانی دۆخەکە هێوربکاتەوە یان نا.
لە لوبنان خۆپیشاندانەکان لە ١٧ی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردووە. سەرباری ئەوەی کە سەعد حەریری لە ئەنجامی گوشارەکان دەستی لەکارکێشایەوە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێت خۆپیشاندانەکان بەردەوامە و ئەم جارە حزبولڵای لوبنان وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی و ڕێکخراوێکی ژێر دەسەڵاتی ئێران کراوەتە ئامانج، لەم ڕووەوە تاران لە داهاتووی نادیاری گۆڕانکارییەکانی لوبنان نیگەرانە.
فەرماندەکانی سوپای پاسداران دەڵێن: دەستی دەرەکی هاندەری خەڵکانی لوبنان و عێراقن. ئیسمائیل کەوسەری، فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران دەڵێت: سعودیە و ئیسرائیل هەوڵی گۆڕینی ئاراستەی خۆپیشاندانەکان لە هەر دوو وڵاتی لوبنان و عێراق دەدەن.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، ڕاوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دۆخی ئێستای ئەم دوو وڵاتەی بە دۆخی لوبنان و شەڕی ناوخۆیی لەم وڵاتە شوبهاندووە و ئەمریکا و سعودیەی بە تیرۆریستی سیاسیی تۆمەتبار کردووە، کە هەوڵی گۆڕینی حکوومەتەکان دەدەن.
بە دەر لەم لێدوانانە، ئێران ئێستا لە دۆخێکی دژواردایە و قۆناغێکی سەخت تێپەڕ دەکات، بە گوێرەی بەراوردی ئیسرائیلییەکان، ٧ ساڵی شەڕی ناوخۆی سووریا، ١٦ ملیار دۆلار بۆ ئێرانییەکان تێچووی هەبووە، ئێستاش دۆخی ئابووری و باری دارایی حکوومەت و خەڵکی ئێران بە هۆی کەمپەینی گوشارەکان، ئەمریکا و گەمارۆکانی بۆ سەر ئەم وڵاتە، تا دێ خراپتر دەبێت.
حكوومهتی ئێران، بۆ پڕكردنهوهی كهمی نهختێنهی و كهم كردنهوهی كاریگهرییهكانی گهمارۆوه ئابوورییهكان، بهتایبهت لهسهر ههناردهی نهوت لهسهرووی دوو ملیۆن بهرمیل ڕۆژانه بۆ ١٣٠ ههزار بهرمیل، سهرهڕای گهندهڵی بهربڵاو، دزینی پارهی بانكهكان، پارهداركردنی میلیشیا چهكدارهكانی دهرهوهی سنووری ئێران، فشارگهلێكن كه ئێرانی تا لێواری داروخان پاڵ پێوهناوه و لهم كاتێشدا، ئێران سهرهڕای ئهو دۆخه له ڕۆژی ١٥-١١-٢٠١٩، بڕیاری گرانكردنی نرخی نهوتی بۆ ٣٠٠% ڕاگهیاند و بووه هۆی سهرههڵدانی جهماوهری له زۆربهی شارهكانی ئێران و توندوتیژی زۆری لێكهوتهوه.
دۆخی ئێران بهرهو گرژی زیاتر ههنگاو دهنێت
لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانەکانی ئێران تا دێ قووڵتر دەبێتەوە و زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتۆتەوە، ئەرتەشی ئێران هاتە دەنگ.
ئەرتەشی ئێران کە لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک دوو هێزی چەکداری هاوتەریب هەژمار دەکرێن، لە بارەی دۆخی ئیستای ئێران هەڵوێستیی فەرمی خۆی وەرگرتووە و ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەی ئەرتەشی ئێراندا هاتووە: هاوکات لەگەڵ ئەوەی جەخت دەکەینە سەر ئاسایش و ئارامی لە ناوخۆ، ئامادەیی تەواومان بۆ بەرگری لە سنوورەکانی ئێران هەیە.
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی ئەرتەشی ئێران، ئەم هێزە ئامادەیە بەرەنگاری هەر جۆرە پیلانێک ببێتەوە، کە لە دەرەوەی سنوورەکان هەڕەشە لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکات.
لە خۆپیشاندانەکاندا ١٠٦ کەس کوژران (١)
لە ڕۆژی هەینییەوە تاوەکو ئێستا خۆپیشاندانەکان لە ئێران بەردەوامن، هەرچەندە هێڵی ئینتەرنێت پچڕێندراوە، بەڵام ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین دۆکیۆمێنت و ڤیدیۆیان پێگەیشتووە کە باس لە پێشێلکارییەکان لە خۆپیشاندانەکان دەکەن. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: هێزە ئەمنییەکان گولـلە دەگرنە خۆپیشاندەران.
رەپێرت کۆڵڤیڵ، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت “ئێمە بە قووڵی نیگەرانی سەربارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە بەها نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی هێزدەکەن، لە نێویاندا بەکارهێنانی گولـلە لە دژی خۆپیشاندەران لە ئێران لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا، کە لە ڕۆژی هەینییەوە دەستیان پێکردووە و تاوەکو ئەم هەفتەیەش بەردەوامن”.
تاوەکو ڕۆژی سێشەممە ١٩-١١-٢٠١٩ ئامارێکی روون لەبارەی ژمارەی کوژرا و بریندارەکانی ئێران بەردەست نەبوون. بهڵام راها بەحرەینی، لێکۆڵەر لەسەر پرسی ئێران لە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ “بەپێی ئەو ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوانەی ئێمە بەدەستمان گەیشتوون، لەماوەی کەمتر لە سێ رۆژ، واتە لە ڕۆژی هەینییەوە تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە ١٠٦ کەس کوژران لە ٢١ شار لەسەرانسەری ئێران. ئێمە باوەڕمان وایە ژمارە راستەقینەکە زۆر لەوە زیاتربێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت بەتەواوەتی یانیش بە نزیکەیی هەموویان پچڕاون و ناتوانیت دەستت بەو زانیاریانە بگات و قسە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەیت کە ئازیزەکانیان لە دەستداوە”.
ئەم ئامارانەی ئەمنستی بڵاویکردوونەتەوە بە تەنیا هی ٢١ شاری ئێرانن، بەڵام لە چەندین شاری دیکەی ئێران خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت، باس لەوەدەکرێت ژمارەی کوژراوەکان زۆر لەوە زیاتربێت کە باس دەکرێن.
ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاوازترین پێگەی هەیە
قادر وریا، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان، لەلێدوانێكی تایبهت به نوچە، لهبارهی ئهوهی بۆچی قوربانییەکان لەناوچە کوردییەکان زیاترن؟ پێیوایە، هۆی هەستیاربوونی کۆماری ئیسلامی ئێران بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستیە کە خەڵکی کوردستان هەر لە سەرەتاوە دژی ئەو ڕێژیمە بوون و ئەزمونی ٤٠ ساڵ خەبات و بەربەرەکانییان لە گەڵ ئەو ڕژێمە هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاوازترین پێگەی هەیە. حیزب و ڕێکخراوی خەباتگێڕ و خاوەن پێشینە لە کوردستان هەن کە لە لایەن خەڵکەوە پشتیوانییان لێ دەکرێ. ڕژێم بە سەرنجدان بە نەبوونی پێگەی سیاسیی خۆی لە کوردستان و لەرزۆک بوونی ئەمنییەتەکەی، بەرامبەر هاتنە سەر شەقامی خەڵک زۆرترین توند و تیژی دەنوێنێ، چونکە دەزانێ خەڵکەکە ڕێبەریی سیاسیی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئامادەیی بە ڕێکخراوبوون و هەڵگەڕانەوە لە ڕێژیم و، ئەزموونی کۆنترۆڵکردنی شاروگوندەکانی خۆیان هەیە. لە کوردستان بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی هەیە کە مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دامەزرانی کۆماری کوردستان. ئەو بزووتنەوەیە بە هۆی ٤٠ ساڵ ڕاوەستان بەرامبەر بەو ڕێژیمە، بەختکردنی باشترین ڕێبەران و ڕۆلەکانی گەلی کورد لە خەبات لە پێناوی ئازادیدا، بۆ خەڵکی ئێران و دنیا ناسراوە و لە ئەگەری لاوازبوونی هەرچی زیاتری دەسەڵاتی ئەو ڕژێمە، دەتوانێ کوردستان بێنێتە ڕێزی پێشەوەی ڕووداوە سیاسییەکان.
لهبارهی رۆڵی حزبە کوردییەکان لەم کات و ساتەدا قادر وریا دهڵێت، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەتوانن ڕۆڵێکی زۆریان هەبێ لە ڕێنوێنی و پشتیوانی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکاندا. گرنگترین ئەرکیان لە ئیستادا ئەوەیە دەنگی ئەوان و هەواڵ و ڕاپۆرتی ناڕەزایەتی دەربڕینەکان و، زانیاری لە سەر تاوانەکانی هێزە سەرکوتکەرەکان لە کوردستان، لە رێگای ڕاگەیاندنەکانی خۆیان و نوێنەرایەتییەکانیان لە دەرەوەی وڵات بە ئاگاداری میدیاکان و ناوەندە سیاسی و مرۆڤدۆستەکانی جیهان بگەیەنن. دەتوانن هانی خەڵک بدەن بۆ یەکگرتوویی و پشتیوانی لە یەکتر و، بەردەوامبوون لە سەر داخوازییەکانیان.
ئهو كادیره باڵایهی حدك دهشڵێت، لە دەرەوەی وڵات ئەندامان و لایەنگران و ڕەوەندی کوردی بێننە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانی لەخۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێنوێنی خەڵک بکەن داواکانیان لە داوای ئابووری و ناڕەزایەتی لە گرانی و نەبوونی، بۆ داخوازی سیاسیی و نەتەوەیی بگوێزنەوە. بەڵام شان بەشانی ئەمانە و پێ بە پێی چوونە پێشی خۆپێشاندانەکان، پێویستە حزبەکان بە تایبەتی حزبەکانی ئەندامی ناوەندی هاوکاری، زیاتر لە پێشوو بە یەکەوە، کار بکەن و هەوڵ بدەن حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەش بۆ هاوکاری و هاوخەباتی لەگەڵ یەکتر بانگەواز بکەن. وا بکەن ببن بە خاوەنی ڕاگەیاندنێکی بە هێز و٢٤ کاتژمێر بە زمان و دیالێکتی جیاواز بەرنامە بڵاو بکەنەوە. ژوورێکی چاودێریی هەمیشەیی بۆ هەڵسەنگاندن و شرۆڤە کردنی رووداو و ئاڵوگۆڕەکان و دەستنیشانکردنی ئەرکە خێراکان پێک بێنن. ئەگەر ئاڵوگۆڕەکان هەر بەم ڕیتمەی ئێستا بچنە پێش، پێویستە خەم لە ڕێکخستن و خستنەوەسەریەکی هێزی پێشمەرگە و پێکهێنانی فەرماندەییەکی هاوبەش بخۆن. دەبێ دوورە دیمەنی وەڕێکەوتنی راپەڕینی جەماوەری و پاشەکشەی دام و دەزگای سەرکوت لە کوردستان، بە نزیک ببینن و بۆ ئەم قۆناغەش، ڕێوشوێنی پێویست و پێشبینی ئامادە بکەن.
ئهمریكا
ئەمریکا لەپەیامێکدا پاڵپشتی خۆی بۆ گەلی ئێران دەردەبڕێت و داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات، دەست لە توندوتیژی هەڵگرن.
نەتەوەیەکگرتووەکان
گوتەبێژێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوا لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکات تەقە لە خۆپیشاندەرانی ئەم وڵاتە نەکەن، کە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاپەڕیون.
ڕۆبێرت کلویل، گوتەبیژی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ کە سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە، دەڵێت: لە ئەنجامی توندوتیژی و تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، دەیان کەس کوژراون و ئەم ڕێژەیەش لە هەڵکشاندایە.
بە گوتەی ئەم بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە هۆی داخرانی هێڵەکانی ئینتەرنێتەوە زانیاری تەواو لە بارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ئەم ڕووداوانە لە بەردەستدا نییە.
ئێران بۆ داپۆشینی كردهوه و توندوتیژییه له ڕادهبهدهرهكانی هێڵهكانی ئینتهرنێتی تا ئاستی ٩٥% ڕاگرتبه شێوهیهك دهستڕاگهیستنی بهتهواوی كهمكردهوه. تاكو پهیوهندی نێوان خودی خۆپیشاندهران و خۆپیشاندهرانی شارهكان، لهگهڵ دنیای دهرهوهدا بپچڕێنێت، لهمهدا سهركهوتوو بوو، بهڵام ئایا ناڕهزایهتی كۆتایی دێت؟ له كاتێكدا نانی ڕۆژانهی پێ پهیدا نابێ.
یەکێتی ئەوروپا
مایا کوچیانچیک، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە هەڵوێستی فەرمی ئەم یەکێتییەی خستەڕوو و داوای لە حکومەتی ئێران كرد، گرەنتی دەستاودەست كردنی ئازادانەی زانیاری بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە فەراهەم بکات و هاوکات جەختیش دەکاتەوە، کە ڕژێمی ئێران دەبێ ڕێگە بدات هاووڵاتیان دەستیان بە ئینتەرنێت ڕابگات. دەشڵێت ”دەبێ کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتیانە بێتە چارەسەرکردن”.
گوتەبێژی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، هەروەها ئیدانەی سەرکوت و توندوتیژی هێزە ئەمنیەکانی ئێرانی کردووە و دەڵێت، سیاسەتی سەرکوتی ئەم هێزانە مەحکوم دەکەن.
وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری سزا درا(٢)
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، كه سزای بەسەر محەمەد جەواد ئازەری، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی ئێراندا سەپاند و راشیگهیاند “ئەم مانگە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە ئێران بۆ چەند رۆژێک وەستێندرا، ئەوەش لەسەر بنچینەی ئەو هۆکارەی کە بەرپرسانی ئێران وەک نیگەرانیی ئاسایشیی نیشتمانی باسی دەکەن، ئەوەش دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندان لەو وڵاتەدا”.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، شێوازی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە لایەن ئەو وەزارەتەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت کە ئازەری وەزیریەتی و لە رابردوویشدا ئەو کەسە لە شوێنی هەستیاردا کاریکردووە، لەوانەش کارکردن لە وەزارەتی ئیتڵاعات و هەروەها لە چاودێریکردنی چالاکوانانی ئۆپۆزیسیۆنیشدا بەشداربووە.
ستیڤ منووچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت “بەرپرسانی ئێران دەزانن کە ئینتەرنێتی ئازاد و کراوە ناشەرعییبوونیان دەردەخات و هەربۆیە هەوڵدەدەن بەکارهێنانی ئینتەرنێت سانسۆر بکەن بۆ دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکانی دژی رژێم. وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی ئێران سزادەدەین بەهۆی سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئینتەرنێت، لەوانەش سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنەکانی تایبەت بە نامەگۆڕینەوە کە یارمەتیدەرن بۆئەوەی ملیۆنەها کەس لە خەڵکی ئێران لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە پەیوەندیدا بن”.
ئهنجام
بهگوێرهی لێكدانهوهكان ئێران توانای سهركوت كردن و كۆتایی پێهێنانی یهكجارهكی به خۆپیشاندانهكان نییه و شكانی ترس و برسییهتی خهڵك یهكیانگرتووه، جیا له گهندهڵی سهرتاپاگیر له ئێران، بۆیه دۆخی ئێران به چارهسهرنهكراوی لهوانهیه به شێوهی نیسبی سهركوت بكرێ بهڵام بهردهوام و ڕێكخستوو تر دهبێت.
پرسیاری جددی ئەمەیە، ئێران لەم هەلومەرجەدا تا چەند دەتوانی دۆخی ئاڵۆزی عێراق و لوبنان هێور بکاتەوە و ئایا ئێران سهرهڕای ئهو دۆخهی تێیكهوتووه دهتوانێ وهك سپۆنسهری میلیشیا جیاوازهكانی لهدهرهوهی سنووری ئێران بمێنێتهوه؟ ئهی ئهگهر لهبهر كێشهی ئابووری ناوخۆی خۆی نهتوانێت پێداویستییهكانیان دابین بكات چی روودهدات؟
سهرچاوهكان