نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کابینەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی کردنە لە هەموو سێکتەرەکانی حکومەت.
زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست گەندەڵییەوە دەناڵێنن، عێراق و هەرێمی کوردستانیش یەکێکن لەو وڵاتانەی، کە بە رێژەیەکی زۆر گەندەڵییان تێدایە، بۆیە هەر کابینەیەکی نوێش، کە پێکدەهێندرێت، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، یەکێک لە ئەولەویەتی کارەکانی چارەسەرکردنی پرسی گەندەڵی و چاکسازی کردنە لە سێکتەرەکانی حکوومەت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مستەفا هەرکی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە چارەسەری گەندەڵی ڕایگەیاند “یەکێک لە دوورشمەکانی سەرجەم حزبەکانی هەرێمی کوردستان، لە بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوانەی کە بەشدارن لە حکوومەت و ئەوانەشی کە ئۆپۆزۆسیۆنن، کارکردن دەبێت بۆ چاکسازی لە هەموو سێکتەرەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە دەتوانم بڵێم کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کابینەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە”.
هەرکی گوتیشی “دوای ئەوەی حکوومەت پێکهێنرا و لایەنەکانیش بەتایبەتی ئەوانەی، کە بەشداربوون لە کابینەی حکوومەتەکەدا، بەرنامە و کاری خۆیان بۆ چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێشکەشی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، سەرۆکی حکوومەتیش ڕاشکاوانە لەکاتی سوێندخواردنی هێڵە گشتییەکانی کارکردنی کابینەکەی ڕاگەیاند، کە بەشی زۆری چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بوو”.
ئەندامەکەی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەشدەکات، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، هەردوولایان بۆ وەڵامدانەوە لە سەر پرسی مەلەفەکانی گەندەڵی هاوکارمانن و تائێستا هیچ کێشەیەکمان بۆ درووستنەبووە.