بەرپرسێکی پێشووی حزبی دیموکرات: داواکارییەکان لە ئابورییەوە بۆ سیاسیی بگۆڕن

0

نوچەنێت: تایبەت

قادر وریا، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان، لەگفتوگۆیەکی نوچەنێت پێیوایە، ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدات دەکرێت داهاتووی هەبێت. حزبەکوردییەکان دەتوانن رۆڵ و نەخشی کاریگەریان هەبێت.

نوچەنێت: بۆچی قوربانییەکان لەناوچە کوردییەکان زیاترن. وەک دەردەکەوێ ترسی زیاتر لەم ناوچانەیە و سەرکوتیان دەکات و دەستیان لێ ناپارێزێ؟

قادر وریا: هۆی هەستیاربوونی کۆماری ئیسلامی ئێران بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستیە کە خەڵکی کوردستان هەر لە سەرەتاوە دژی ئەو ڕێژیمە بوون و ئەزمونی ٤٠ ساڵ خەبات و بەربەرەکانییان لە گەڵ ئەو ڕژێمە هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاوازترین پێگەی هەیە. حیزب و ڕێکخراوی خەباتگێڕ و خاوەن پێشینە لە کوردستان هەن کە لە لایەن خەڵکەوە پشتیوانییان لێ دەکرێ. ڕژێم بە سەرنجدان بە نەبوونی پێگەی سیاسی خۆی لە کوردستان و لەرزۆک بونی ئەمنییەتەکەی، بەرامبەر هاتنە سەر شەقامی خەڵک زۆرترین توند و تیژی دەنوێنێ. چونکە دەزانێ خەڵکەکە ڕێبەریی سیاسیی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئامادەیی بە ڕێکخراوبوون و هەڵگەڕانەوە لە ڕێژیم و، ئەزمونی کۆنترۆڵکردنی شاروگوندەکانی خۆیان هەیە. لە کوردستان بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی هەیە کە مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دامەزرانی کۆماری کوردستان. ئەو بزووتنەوەیە بە هۆی ٤٠ ساڵ ڕاوەستان بەرامبەر بەو ڕێژیمە، بەختکردنی باشترین ڕێبەران و ڕۆلەکانی گەلی کورد لە خەبات لە پێناوی ئازادیدا، بۆ خەڵکی ئێران و دنیا ناسراوە و لە ئەگەری لاوازبوونی هەرچی زیاتری دەسەڵاتی ئەو رژێمە، دەتوانێ کوردستان بێنێتە ڕیزی پێشەوەی ڕووداوە سیاسییەکان.

نوچەنێت: حزبە کوردییەکان دەتوانن لەم کات و ساتەدا چ ڕۆڵێکیان هەبێ ؟

نوچەنێت: حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەتوانن ڕۆڵێکی زۆریان هەبێ لە ڕێنوێنی و پشتیوانی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکاندا. گرنگترین ئەرکیان لە ئیستا‌دا ئەوەیە دەنگی ئەوان و هەواڵ و ڕاپۆرتی ناڕەزایەتی دەربڕینەکان و، زانیاری لە سەر تاوانەکانی هێزە سەرکوتکەرەکان لە کوردستان، لە رێگای ڕاگەیاندنەکانی خۆیان و نوێنەرایەتییەکانیان لە دەرەوەی وڵات بە ئاگاداری میدیاکان و ناوەندە سیاسی و مرۆڤدۆستەکانی جیهان بگەیەنن. دەتوانن هانی خەڵک بدەن بۆ یەکگرتوویی و پشتیوانی لە یەکتر و، بەردەوامبوون لە سەر داخوازییەکانیان.

لە دەرەوەی وڵات ئەندامان و لایەنگران و ڕەوەندی کوردی بێننە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانی لەخۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێنوێنی خەڵک بکەن داواکانیان لە داوای ئابوری و ناڕەزایەتی لە گرانی و نەبوونی، بۆ داخوازی سیاسی و نەتەوەیی بگوێزنەوە. بەڵام شان بەشانی ئەمانە و پێ بە پێی چوونە پێشی خۆپێشاندانەکان، پێویستە حزبەکان بە تایبەتی حزبەکانی ئەندامی ناوەندی هاوکاری، زیاتر لە پێشوو بە یەکەوە، کار بکەن و هەوڵ بدەن حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەش بۆ هاوکاری و هاوخەباتی لە گەڵ یەکتر بانگەواز بکەن. وا بکەن ببن بە خاوەنی راگەیاندنێکی بە هێز و٢٤ کاتژمێر بە زمان و دیالێکتی جیاواز بەرنامە بڵاو بکەنەوە. ژورێکی چاودێریی هەمیشەیی بۆ هەڵسەنگاندن و شرۆڤە کردنی ڕوداو و ئاڵوگۆڕەکان و دەستنیشانکردنی ئەرکە خێراکان پێک بێنن. ئەگەر ئاڵوگۆڕەکان هەر بەم ڕیتمەی ئێستا بچنە پێش، پێویستە خەم لە ڕێکخستن و خستنەوەسەریەکی هێزی پێشمەرگە و پێکهێنانی فەرماندەییەکی هاوبەش بخۆن. دەبێ دوورە دیمەنی وەڕێکەوتنی راپەڕینی جەماوەری و پاشەکشەی دام و دەزگای سەرکوت لە کوردستان، بە نزیک ببینن و بۆ ئەم قۆناغەش، ڕێوشوێنی پێویست و پێشبینی ئامادە بکەن.

نوچەنێت: ستیفانی گریشام، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە : پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان و گەلی ئێران دەکەین۰ ئایا کوردەکان لە ڕۆژهەڵات دەتوانن جارێکی دی متمانە بە ئەمریکا بکەن دوای ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕویدا؟

قادر وریا: سەرەتا پێوستە ئەو ڕاستییە بزانین کە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواو، ئەو دەوڵەت و لایەنانەی کورد لەم دوو بەشەی کوردستان لە گەڵیان لە کێشە دایە جیاوازییەکی زۆر هەیە. خەڵکی ئێران و هەر وەها خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتێک‌دا لە گەڵ سەرکوتکردنێکی دڕندانە و بێ ڕەحمانە بەرەوڕوون و سەبارەت بە داواکردنی سەرەتاییترین مافەکانیان ئەو هەمووە قوربانییە دەدەن، پێشوازی لە هەر چەشنە پشتیوانییەکی سیاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن. دوو ساڵ لەمەوبەریش کە شەپۆلی خۆپێشاندانەکان، ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی ئێرانی گرتبۆوە، ئەمریکا پرسی سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران لە لایەن ڕێژیم کۆماری ئیسلامی بردە ئەنجومەنی ئاسایش و ئەم هەنگاوە لە گەڵ پێشوازیی هێزە سیاسییەکان و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەرەوڕوو بوو. ئەو کات بە داخەوە روسیا و چین و یەکێتی ئەوروپا، بەو بیانوەی کە ئەمە پرسێکی نیوخۆییە، پشتی داواکەی ئەمریکایان نەگرت، بەڵام ئێستا دۆخی نێودەوڵەتی لە زیانەکانی رژێمی ئێران و لە بەرژەوەندی خەڵکی ئەم وڵاتە زۆر گۆڕاوە. لاساری ئەو ڕژێمە لە پابەند نەبوون بە پرەنسیپ و بنەما جیهانییەکانی دەسەلاتدارێتی و هاوکاریی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، زیاتر خۆی سەلماندوە و بێ داهاتوویی کۆماری ئیسلامی بووە بە شتێکی حاشاهەڵنەگر. ئەو دەوڵەت و وڵاتانەی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی جیهان، ڕێگر بن لە هاتنەگۆڕی پرسی سەرکوتی خەڵکی ئێران بە هۆی ئەو رژێمە و مەحکومکردنی و، بەم جۆرە بە هانای کۆماری ئیسلامییەوە بچن، دەبێ بزانن کە لە ئێرانی داهاتوو‌دا، جێیەک بۆ بەرژەوەندە سیاسی و ئابورییەکانیان نابێ.

نوچەنێت: پەیامتان بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات و حزبە کوردییە کان چییە؟

قادر وریا: وەک تێکۆشەرێکی سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستان و چالاکێکی سیاسیی کورد، پەیامم بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە ڕیزەکانی خۆیان هەر چی زیاتر یەکگرتووتر بکەن، ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانی، بە پشتبەستن بە جیاوازیی ئایینی، عەشیرەتی، زاراوەیی و هتد، کەلێن بخەنە ڕیزەکانیان. نارەزایەتیی خۆیان تەنیا لە دەربڕینی داواکاریی ئابوریدا قەتیس نەکەن. پێویستە داخوازی نەتەوەییش بێننە ڕێزی دروشم و داواکانیان. ئەوەندەش کە دەگەڕێتەوە سەر حیزبەکان، دەبێ نیشان بدەن لە ئاستی دەرکی ئەم ئاڵوگۆڕانە دان، لەپڕۆسەی هاوکارییەکی چڕ و پڕدا، هەموو توانا و بەرپرسایەتیی خۆیان بۆ ڕێبەری و شوێندانان لە سەر ئەم ناڕەزایەتییە جەماوەرییانە، وەگەڕ بخەن. داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گرەوی هاوکاری و تەبایی بەرپرسانەی نێوان هێزە سیاسییەکان و بە دەنگەوەچونی خەڵکی ڕاپەڕیو دایە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com