مه‌لا به‌ختیار: گەندەڵی لە عێراق بووەتە سیستم

0

نوچه‌

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی، خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراقی بە راپەڕین وەسفکرد و ده‌ڵێت”داواکاری خۆپیشاندەران و ژمارەی بریندار و کوژراوەکان پێمان دەڵێن، ئەمە خۆپیشاندان نییە بەڵکو راپەڕینە”. ده‌شڵێت ”گەندەڵی لە عێراق بووەتە سیستم و رۆچووەتە ناو هەموو جومگەکان”.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، لە دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراقی بە راپەڕین وەسفکرد و رایگەیاند: “داواکاری خۆپیشاندەران و ژمارەی بریندار و کوژراوەکان پێمان دەڵێن ئەمە خۆپیشاندان نییە بەڵکو راپەڕینە”.

لەباسکردنی گەندەڵییەکانی عێراق گووتی: “ژمارەی فەرماندەکانی عێراق، دە هێند بەرامبەر بەر فەرماندەکانی ئەمەریکایە. ٦٥٠ ملیار دۆلار لەم وڵاتە بردراوەتە دەرەوە. یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار منداڵی بێ سەرپەرش لە عێراق هەیە. شەش هەزار قوتابخانەی قوڕ لە عێراق هەیە. رێژەی بێکاری بۆ ئەو پەڕی هەڵکشاوە ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات”.

راشیگەیاند: “لەسەردەمی سەددام وەزارەتی کارەبا ٣٥ هەزار کارمەندی هەبوو، مووچەی ئەم کارمەندانەش لە داهاتی وەزارەتەکە خۆی بوو. ئێستا وەزارەتی کارەبای عێراق ١٠٠ هەزار کارمەندی هەیە، مووچەکەشیان حکوومەت دەیدات و ١٠٠ ملیار دۆلاریش لەو وەزارەتە دیار نەماوە”.

دووپاتیشکردەوە، هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە سەلماندی کە بەشێکە لە چارەسەر چونکە لەم دۆخەی ئێستای عێراق پاڵپشتی بۆ چاکسازیی دەربڕیوە و پشتگیری لە حکوومەت کراوە.

مەلا بەختیار رایگەیاند “جێبەجێ نەكردنی دەستوور عێراقی دووچاری چەندین كێشە كردووە و ھەندێك لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەنھا بە رواڵەت لەم سەردەمەدان، بۆیە ناتوانن پابەندبن بە دەستوور و بنەماكانی دیموكراسیی و مەدەنی”.

مەلا بەختیار ده‌ڵێت: “رووداوەكانی ئێستای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەریخست ھەندێك وڵات بە رواڵەت لەم سەدەیەن، بەڵكو لە جەوھەردا ھێشتا لە سەدەكانی ناوەڕاست دان، وەرچەرخان بە مانای مۆدێرنیەت و دیموكراستی و مەدەنی و پابەندبوون بە دەستوور لەم وڵاتانە بوونی نییە، بۆیە كاتێك ئەو وڵاتانە تووشی قەیران دەبن دەگەڕێننەوە خاڵی سفر و بیر لەوە دەكەنەوە چۆن بنیاتی بنێنەوە، ئەمە خاڵێكی جەوھەری و ستراتیژییە، تا ئەم وڵاتانە لە ھەژموونی سەدەكانی ناوەڕاست رزگار نەبن ناتوانن بێنە ئەم سەردەمە، ناشتوانن بەپێی ھەلومەرجی ئەم سەردەمە كێشەكان چارەسەر بكەن، چونكە چارەسەركردنی كێشەكان تەنھا بە رێگەی دیموكراسی و پابەند بوون بە دەستوور دەبێت”.

مەلا بەختیار گوتی “لە مێژووی عێراقدا ٤٤ كابینە دروست كراون، بەڵام ھیچیان نەیانتوانیوە كێشە ئابووریی و سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكانی عێراق چارەسەر بكەن”.

مه‌لا به‌ختیار گوتیشی: “لە مێژووی ھەندێك كابینەی حكومەت باشترین زیندان و خراپترین قوتابخانە لە عێراق ھەبووە، بۆیە دەكرێ بڵێین قەیرانی ئەم جۆرە وڵاتانە قەیرانی بنچینەییان ھەیە”.

مەلا بەختیار، راشیگەیاند: “ئێستا كە لەسەردەمی جیھانگیرین نەوەیەك پەیدا بووە لەژێر ھەژموونی رابردوو نین تا ھەموو شتێكی ئەم حكوومەتانە قبووڵ بكەن، بۆیە راپەڕین دروست دەبێت و ئاراستەكان دەگۆڕن”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “بۆ ھەرێمی كوردستان گرنگترین شت جێبەجێكردنی دەستوورە لە عێراق، لە دوای ٢٠٠٣ تائێستا دەستوور جێبەجێ نەكراوە، بۆیە رووبەڕووی چەندین كێشە بووینەتەوە، كێشەی ئابووری ھەبوو نانیان بڕین، ریفراندۆم كرا پەلاماریان داین، ١٦ ساڵە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور ھاتووچۆمان پێدەكەن، ئەمانە كێشەی گەورەن و لە ئەستۆی ئەم حكوومەتانەدان”.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا مەلا بەختیار ئەوەی خستەڕوو: “ئەگەر حكوومەتی عێراق بیەوێت خۆی لەم كێشانە دەرباز بكات، پابەندبوونە بە دەستوور، تا دەستوور جێبەجێ نەكەن مەحاڵە كێشەكان چارەسەربن، ئێستا مەترسی ئەوەش ھەیە ئەگەر ھەمواركردنەوەی دەستوور بكەوێتە دەست ھەندێك كەس لە عێراق، ئەوا لە روانگەی نا دیموكراسییەوە دەستوور ھەموار دەكەنەوە و عێراق دەبەنەوە بۆ گێژاوی رابردوو، بۆیە ھیوادارم راپەڕینەكانی ئێستا عێراق ببەنە قۆناغێكی دیكەوە بۆ ھەموو پێكھاتەكان”.

راشیگەیاند: “دەبێ پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق لە پەیوەندییەكی كلاسیكییەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندیی ئەم سەردەمە، دەبێ بەپێی پێویستییەكانی ئەم سەردەمە كێشەكانمان چارەسەر بكەین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com