نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو ٣٠ ڕۆژ جارێک دابەشدەکرێت.
لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە، گوایە وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێم، پێشنیازی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، مووچەی مانگەکانی (١٠، ١١ و ١٢) لهگهڵ مووچەی مانگێکی خانەنشینی بەتەواوی نەدەن و ناوی لێ بنێن پاشەکەوت.
شەوی ڕابردوو ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتى هەرێمی کوردستان، ڕایگهیاند “مووچەی فەرمانبەران لە مانگەكانی ئهو سێ مانگه (١٠، ١١ و ١٢) پاشەكەوت ناكرێت و ٣٠ ڕۆژ جارێك، مووچه لە كاتی خۆیدا بەبێ دواكەوتن دابەشكراوە و بەو شێوەش بەردەوام دەبێت”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مستەفا هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ڕایگەیاند “قسەکانی وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونە، کە دەڵێت، ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچە تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشدەکرێت، بۆیە هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو مووچە بەبێ کێشە دابەش دەکرێت”.
هەرکی گوتیشی “چاوەڕوان دەکرێت، کە حكوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی لەسەر پرسی بوودجە و پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ عێراق بگەنە ڕێكکەوتن”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت “ئەگەر حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتن و پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ پەسەند بکرێت، بەو شێوەی، کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت، پێشبینی دەکەم مووچەی مانگەکانی (١٠، ١١ و١٢) وەک خۆی بەتەواوی دابەشبکرێت”.