نوچەنێت-رووداو
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بڕیاری نێچیرڤان بارزانی هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان دەكات بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان.
دوێنێ شەو 18ی نۆڤەمبەری2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداربوو لە كۆبوونەوەی 12 لایەنی سیاسیی عێراق، بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو كۆبوونەوەیەدا بە لایەنە عێراقییەكانی راگەیاندووە كە ئەو لەگەڵ ئەوەدایە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە كوردستانییە بەشدارەكانی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق بكات سەبارەت بە بەیاننامەی كۆتایی ئەو كۆبوونەوەیە. هەروەها بە لایەنە سیاسییە عێراقییەكانی راگەیاند، بۆ هەر رێككەوتنی سیاسی داهاتوو ئەو بەپێویستی دەزانێت هاوپەیمانی كوردستانی پێكەوە بەشداربێت و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە كوردستانییەكان بكرێت .
هەر بۆ ئەو مەبەستەش هەر لە شەوی ڕابردووەوە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەناوی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەستیكردەوە بە ئاگاداركردنەوەی لایەنەكان لە كۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو، هەروەها هاوئاهەنگیكردن بۆ هەر هەنگاوێكی سیاسیی داهاتوو لە بەغدا و لەسەر ئاستی عێراق، بۆ ئەوەی یەكهەڵوێستی سیاسیی كوردستانی لە بەغدا هەبێت و پارێزراوبێت.
بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كردووە. بڕیارە ئەمڕۆ راگەیێندراوی كۆتایی فەرمی كۆبوونەوەكە بە وژاۆی هاوپەیمانی كوردستانی لەلایەنی كوردستانییەوە بڵاوبكرێتەوە. 12 لایەنی سیاسیی عێراقی، بە بانگهێشتی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە شەوی ڕابردوو لە بەغدای پایتەختی عێراق كۆبوونەوەو، ژمارەیەك پێشنیازیان ئاراستەی حكوومەتی عێراق كردن بۆ هێوركردنەوەی دۆخی عێراق و وەڵامدانەوەی داواكانی خۆپیشاندەران لەپێناو چاكسازیكردن.