نەوزاد عەلی-سلێمانی
بڕیارەدەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، زۆرترین ئەگەر ئەوەیە لە ساڵی ٢٠١٩ سیستەمی دارایی چۆن بووە، بۆ ساڵی ٢٠٢٠ یش هەروا بەردەوام بێت.
بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەبەغدا، هاتنی ڕەوشی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠١٤ وە پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانەی هەرێمی کوردستانی پەسەند نەکردووە، پێشبینی دەکرێت پەرلەمان پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پەسەند بکات، ئەگەر حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق بگەنە ڕێککەوتن.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند”لە ئێستادا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بودجەی خەمڵێندراوی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئامادەکردووە و بڕیارە بینێرێتە بەغداش، تا پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ی عێراق دیاری بکرێت”.
بڕیاردەرەکەی لیژنەی دارایی، گوتیشی”حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا لە دانوستاندابووە و دانووستاندنەکانیش بەباشی بەڕێوەدەچوون، بەڵام بەهۆی ئەوکێشانەی کە لە بەغدا ڕویانداوە، بەشێوەی فەرمی کۆبونەوە نەکراوە، چاوەڕوان دەکرێت حکوومەتی عێراق ئامادەکاری بکات بۆ پڕۆژەیاسای بودجە”.
محەمەد سەعدەدین، ڕاشیگەیاند”هەرکاتێک حكوومەتی عێراقی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ی عێراقی ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردوو و پەسەند کرا، ئەوکاتە پەرلەمانی کوردستان بە پێی ئەو پشکەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، پڕۆژەیاسای بوجەی ٢٠٢٠ی خۆی ئامادە دەکات”.
ناوبراو جەختیشیکردەوە و گوتی”ئەگەر پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ پەسەند نەکات، ئەوا سیستەمی کارگێڕی عێراق بەم شێوەی ئێستا بەردەوام دەبێت، زۆرترین ئەگەریش ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠١٩ دا سیستەمی دارایی چۆن بووە، بۆ ساڵی ٢٠٢٠ یش هەر بەردەوام بێت، واتە لە هەردوو حاڵەتەکەدا پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت”.